ڕاگەیەندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە مانگرتنی بازاڕیانی شارەکانی کوردستانی ئێران

14:39 - 30 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، لە مەڕ مانگرتنی چەند ڕۆژەی دووکانداران و بازاڕیانی شارەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: ئەو ناوندە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی شارە سنوورییەکان، بە حەرەکەتێکی مەدەنیی هەڵگری داوا و داخوازی ڕەوا و ئینسانی دەزانێ و بەتەواوەتی پشتیوانی لێ دەکات.

دەقی ئەو ڕاگەیەندراوە کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوە بەم چەشنەیە:

پشتیوانی لە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی شارە سنوورییەکان دەکەین!

ماوەی چەند ڕۆژە مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕینی خەڵکی شارە سنوورییەکانی ڕۆژهەلاتی کوردستان، دژی داخرانی سنوورەکان، درێژەی هەیە. ئەم ناڕەزایەتیدەربڕینە مەدەنییە، لە شێوەی کۆبوونەوە لە بەر دەرکی فەرمانداریی شارەکانی جوانڕۆ، بانە، مەریوان و سەقز، هەروەها لە شێوەی ڕاخستنی سفرەی بەتاڵ و کۆبوونەوە لە دەوری ئەو سفرەیە خۆی نواندووە. ئەم حەرەکەتە مەدەنییانەی شارەکانی سەردەشت و پیرانشاریشی گرتووەتەوە و چاوەڕوان دەکرێت بۆ شارەکانی دیکەش پەل بهاوێ و هەروا درێژەی هەبێ.

ئاشکرایە کە بژیوی ژیانی ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی زەحمەتکێشی شار و ناوچە سنوورییەکان لە ڕێگای کۆڵبەرییەوە دابین دەبێ. ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەژێر ناوی بەربەرەکانیی لەگەڵ هاتنی کەلوپەلی قاچاغدا، ساڵ بە ساڵ توندوتیژی و تاوان و سەختگیریی دژی کۆڵبەرانیان زیاتر کردووە.

سەرەڕای کوشتن و بریندارکردنی سەدان کۆڵبەر و دەسبەسەرداگرتنی بارەکانیان و لەنێوبردنی وڵاغی بارییان، بەردەوام هەوڵی پەکخستن و نەهێشتنی ئەم تەنیا سەرچاوەی ژیان و داهاتی دەیان هەزار بنەماڵەی هەژار و دەسکورتی ئەو ناوچانەی داوە. بە تازەییش وێڕای داخستنەوەی سەرلەنوێی سنوورە کۆڵبەرییەکان، یاسا گومرگییەکانی لە زیانی هاوردەکاران و فرۆشەران گۆڕیوە و بەم جۆرە جارێکی دیکە ژیان و بەڕێچوونی ئەو خەڵکەی خستووەتەوە مەترسییەوە.

ڕاستییەک کە ئەوەندەی دیکە تووڕەیی و بێزاریی خەڵکی ئەو ناوچانەی لێ کەوتووەتەوە، ئەوەیە کە کاربەدەستان هیچ پرۆژە و بەرنامەیەکی ئابوورییان بۆ ژیان و بەڕێچوونی ئەو خەڵکە نییە، کە کۆڵبەری و هێنان و فرۆشتنی کەلوپەل لە سنوورەکانیان لێ قەدەغە کردوون.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، مانگرتن و ناڕەزایەتیدەربڕێنی خەڵکی شارە سنوورییەکان، بە حەرەکەتێکی مەدەنیی هەڵگری داوا و داخوازی ڕەوا و ئینسانی دەزانێ و بەتەواوەتی پشتیوانی لێ دەکات. نیشاندانی سفرەی بەتاڵ و دەنگهەڵبڕین دژی ئەو هەمووە تاوان و قەدەغە و قۆرغکارییە کە ڕێژیمی دەسەڵاتداری ئێران بۆ پەکخستنی سەرچاوەی ژیانی زەحمەتکێشترین بەشەکانی خەڵک بەڕێوەیان دەبات، سەرەتاییترین مافی ئەو خەڵکەیە.

ئێمە لە هەمان کات کە سڵاو بۆ خۆڕاگری و ئیرادەی کۆڵنەدەرانەی مانگرتووان دەنێرین، داوا لە خەڵکی شار و ناوچەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش دەکەین، کە دەنگی خۆیان تێکەڵ بە دەنگی مانگرتووانی شارەکانی جوانڕۆ، بانە، سەقز، مەریوان، سەردەشت و پیرانشار بکەن.

پاشەکشەی کاربەدەستان و ملدانیان بۆ داخوازە ڕەواکانی مانگرتووان و ناڕازییان، لە گرەوی درێژەی ئەو حەرەکەتە و پشتیوانیی خەڵکی شارەکانی دیکە لە مانگرتنی شارە سنوورییەکانە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
پێکهاتوو لە:
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
١٨/٤/٢٠١٨
٢٩/١/١٣٩٧