ڕاگەیەندراوی بەرەی یەکگرتووی کورد لەمەڕ لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی

11:18 - 1 بەفرانبار 2721

بەرەی یەکگرتووی کورد لە ڕاگەیاندراوێکدا، لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی" زیندانیی سیاسیی ئێعدام کراوی خەڵکی شاری کامیاران لە زیندانی سنەی، مەحکووم کرد.

لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "لە کاتێکدا کە کۆمەڵگە لەگەڵ قەیران و کێشەی جۆراوجۆر بەرەوڕوویە و هەر ڕۆژ کە تێدەپەرێ ئەو کێشە و قەیرانانە پەرە دەستێنی، وادێتە پێش چاو کە نیزامی زاڵ چاوی لە ئاستی هەموو ڕاستییەکان داخستووە و بە هەڵسوکەوت و سیاسەتە ناکارامەدەکانی لە ئاستی نێوخۆ و نێونەتەوەیی، خۆی بووەتە هۆی دروستکردنی قەیران و بەرهەمهێنانی کێشە و گرفت.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "دۆخی نالەباری ئابووری و کێشەی بژێویی ژیان، مەودای چینایەتیی کەم وێنە، کەلێنی نێوان خەڵک و حکوومەت، پەرەسەندنی ناڕەزایەتیی سێنف و چین و توێژەکان، هەوڵدان بۆ سەرکوتی خەڵک و لەپێشگرتنی هەڵسوکەوتی توندوتیژییانە لەگەڵ ناڕازییەکان، دۆخێکی وەهای پێک هێناوە کە وڵاتی لەگەڵ مەترسی بەرەڕوو کردووەتەوە، بەڵام حکوومەت لە ئاستی ئەو قەیرانانە خۆی کوێر و کەڕ کردووە و نە دەنگێک دەبیستێ و لە گوێی لە ڕاستییەکان دەبێت".

بەرەی یەکگرتووی کورد کە بەردەوام پرسی ئاشتی ــ میللی و گۆڕینی هەڵسوکەوتی دەسەڵاتی لەپێش چاو گرتووە، بەڵام دەسەڵاتداران خەریكی بەرهەمهێنانی توندوتیژین و لەم دواییانەشدا، یەکێک لە زیندانییانی سیاسیی کوردیان بە ناوی "حەیدەر قوربانی" لە سێدارە دا.

بەرەی یەکگرتووی کورد هەروەها لەو بەیاننامەیەدا وتی: "ئەو دۆسیە "پڕ لە ناڕوونیـ "ـیە بووەتە هۆی ئەوەیکە زۆرێک لە کوردەکان ناڕەزایەتیی خۆیان بەنیسبەت ئەو حوکمە نادادپەروەرانەیە دەرببڕن".

بەرەی یەکگرتووی کورد وێڕای مەحکوومکردنی ڕەوتی دادگاییکردن و داسەپاندن و جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی" و نموونەگەلێک لەو چەشنە، هۆشداریی داوە و داوای لێکجیاکردنەوەی تۆمەتەوەپاڵدراوەکان دەکات.

دەقی تەواوی ئەو بەیاننامەیە، لە بەشی "فارسیـ"ـی ئاژانسی کوردپا هاتووە.