ڕاگەیاندنی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران سەبارەت بە وتووێژ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی

17:18 - 23 پووشپەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: ناوه‌ندی هاوكاریی حیزبه‌كانی كوردستانی ئێران سه‌باره‌ت به‌ ده‌نگۆی وتووێژ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ئەم ڕاگەیاندراوە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، بەم چەشنەیە:

بۆ ئاگاداریی بیروڕای گشتیی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ڕادەگەیەنین:

١ـ حیزبەکانی پێکهێنەری ناوەندی هاوکاریی، هەموو کات بڕوایان بە چارەسەریی مەسەلەی کورد لە کوردستانی ئێران بە ڕێگای ئاشتیخوازانە و دادپەروەرانە و دیالۆگ هەبووە و هەیە. بەڵام بەداخەوە لە لایەک کۆماری ئیسلامیی ئێران بڕوای بە چارەسەریی سیاسیی مەسەلەی کورد نەبووە و لە لایەکی دیکەوە ئەزموونی وتووێژەکانی ڕابردووش زیاتر کەش و هەوای بێمتمانەیی دروست کردووە.

٢ـ لەپێناو چارەسەرکردنی ئاشتییانەی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا هەندێک ناوەند و لایەنی سەربەخۆی نێونەتەوەیی لەگەڵ ناوەندی هاوکاری لە پێوەندیدان. مەبەست لەو پێوەندییانە یارمەتیدان بۆ دیتنەوەی ڕێگاچارەیەکی سیاسیی ئاشتییانە بۆ مەسەلەی کوردە.

٣ـ هەر کات مەرجەکانی دانوستانێکی جیددی بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات وەدی بێت، بەدڵنیایی ناوەندی هاوکاری ڕای گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار دەکاتەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران
٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٨
١٤ی جوولای ٢٠١٩