ڕاگەیاندراوی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە تۆپبارانکردنی ناوچە سنوورییەکان لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە

11:16 - 30 جۆزەردان 2720

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران، سەبارەت بە هێرشەکانی سەر بەرزاییەکانی ئالانە لە سنووری حاجی عۆمەران ڕاگەیەندراوێکیان بڵاو کردەوە.

 لە بەشێکی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە، هەرچەندە ئەوە یەکەم جار نییە کە ئێران بە بیانووی لێدانی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەکەیان بە تۆپخانە و هێزی مووشەکی و هەوایی سنووری عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان دەبەزێنێ، بەڵام ئەمجارەیان ڕێک دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیە لە ئانکارا ئەم هێرشانە دەستی پێکردووە.

جەماوەری خەڵکی کوردستان، ناوەندە سیاسییە بڕیاربەدەستەکان، ناوەندەکانی داکۆکیکاری مافەکانی مرۆڤ لە سەرانسەری جیهان!

هەر وەکوو هەموو لایەک ئاگادارن لە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی جۆزەردانەوە تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، تۆپباران و کاتیوشابارانی بەرزاییەکانی "ئالانە" لە ناوچەی حاجی عۆمەران لە سنووری نێوان ئێران و هەرێمی کوردستانیان دەست پێکردووە.

هەر چەندە ئەوە یەکەم جار نییە کە ئێران بە بیانووی لێدانی هێزە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ڕێژیمەکەیان بە تۆپخانە و هێزی مووشەکی و هەوایی سنووری عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان دەبەزێنێ. بەڵام ئەمجارەیان ڕێک دوای کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوەی ئێران و تورکیە لە ئانکارا ئەم هێرشانە دەستی پێکردووە و هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاگەیەندراوە پەلامارەکان هەروا درێژەیان هەیە.

کۆماری ئیسلامی جگە لە بەردەوامیی تۆپبارانەکەی بە مەبەستی لێدانی بنکەی حیزبە کوردییەکانی دژبەری خۆی، هێزێکی زۆری پڕچەکیشی بەدرێژایی سنوورەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان بە گشتی و ئەو ناوچەیە بە تایبەتی کۆ کردووەتەوە و ئەگەری بەزاندنی سنوور لە ئارادایە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە لەو تۆپباران و هێرشانەدا زەرەر و زیانێکی زۆری ماددی بەر جووتیاران و کوێستانچییەکان و دانیشتووانی ئەو ناوچانەش کەوتووە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای شەرمەزارکردنی هەرچەشنە سنووربەزاندن و هێرشێک بۆسەر حیزبەکانی کوردستان داوا لە ناوەندە سیاسییە بڕیاردەرە نێودەوڵەتییەکان و ناوەندەکانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ دەکا لەبەرانبەر ئەو هێرشانەدا بێ‌هەڵوێست نەبن و بۆ پاشەکشە بەو هێرشانە دەنگ هەڵبڕن.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران هەروەها داوا لە بەرپرسانی دەوڵەتی عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکات کە لە بەرانبەر ئەو دەستدرێژییانەدا بۆ سەر وڵاتەکەیان، ناڕەزایەتی دەرببڕن و داوا لە کۆماری ئیسلامی‌ بکەن کە ڕێز لە سەروەریی وڵاتەکەیان بگرێ.

هەموو ئەو هێرشانەی سپای پاسداران لە کاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی لە نێوخۆی خۆیدا دەیان قەیرانی گەورە بەرۆکی گرتووە و لەبەر گەندەڵیی بەرفراوانی بەرپرسانی سیاسی و نیزامی و قەزایی ڕێژیم، توانایی ڕاپەڕاندنی ژیان و گوزەرانی ئاسایی خەڵکیان نییە و داهاتی ئەو وڵاتە خەرجی ئەو شێوە پەلامارە تێرۆریستییانە و یارمەتیی گرووپە تێرۆریستییەکانی دەستپەروەردەی ڕێژیم لە ناوچە دەکرێ و بەو هێرشانە هەوڵ دەدەن قەیران و کێشەکانیان بشارنەوە.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشانە جارێکی دیکە ڕادەگەیەنێ کە باشترین و تەنیا ڕێگاچارە بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان ڕێگەچارەی سیاسییە و پەنابردنە بەر هێرشی سەربازی تەنیا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکا و تێچوویەکی قورسی بۆ خەڵکی ئەو وڵاتانە بەدواوە دەبێ. هەروەها مێژوو سەلماندوویەتی ئەو جۆرە هێرش و پەلامارانە گەلی کورد لە تێکۆشان بۆ وەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانیان دڵسارد ناکاتەوە.

بە هیوای یەکگرتوویی زیاتری تێکۆشەران و خەباتکارانی گەلەکەمان.

ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران

٢٨ی جۆزەردانی ١٣٩٩

١٧ی ژوئەنی ٢٠٢٠ی زایینی