ڕاگواستنی سێ زیندانیی سیاسی و عەقیدەتی لە زیندانی ورمێ بۆ گرتنگەی ئیتلاعات

17:26 - 23 بەفرانبار 2721

سێ زیندانیی سیاسی و عەقیدەتی بە ناوەکانی "سیروان حوسێنی‌ئەسڵ، سلێمان حوسێنی‌ئەسڵ و نایب عەسکەری" لە زیندانی ناوەندیی ورمێ، بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارە، ڕاگوێزران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار وێرای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە، بە ئاژانسی کوردپای ڕایگەیاندووە سیروان و سامان حوسێنی‌ئەسڵ ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار بەهۆی هێرشی هێزەکانی گادری تایبەتی زیندانی ورمێ، بۆ بەندی ١٠ی ئەو زیندانە و ڕاگواستنی زیندانییانی سیاسی_عەقیدەتی بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی، بە توندی بریندار ببوون.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو شیمانەی ئەوەی دەکرێت کە ئەو سێ زیندانییە بۆ دۆسییەسازی ڕەوانەی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرابن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار، لە ئەنجامی هێرشی گاردی تایبەتی زیندانی ورمێ بۆ بەندی ١٠ی ئەو زیندانە و ڕاگواستنی زیندانییانی سیاسیی بەندی نوێی سەرووئەمنییەتیی، ژمارەیەک لەو زیندانییە سیاسییانە بریندار بوون.

هەروەها، حاتەم ئوزدەمیر، حامید قەرەئۆغلانی، خالید فەریدوونی، فەرزاد سامانی، ساکار عەینی، کەیوان ڕەشووزادە، کامڕان قاسمی و نایب عەسکەری، بە توندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە دراون و ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.

هێزەکانی گادری تایبەت ئیزنیان نەدابوو کە زیندانییانی بەندی ١٠ هیچ کام لە کەرەستەی شەخسییەکانی خۆیان رابگوازن.

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار کاتژمێر ٧ی بەیانی، هێزەکانی گاردی تایبەت هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانییانی سیاسی و بە بەکاربردنی توندوتیژی ئەو زیندانییانەیان بۆ بەندی سەرووئەمنییەتی ڕاگواست.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار، زیندانییانی سیاسی- عەقیدەتی لەمەڕ ڕاگواستنیان بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی مانیان گرتبوو و کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنابوو.

ئەو زیندانییانە لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان و ڕانەگواستنیان بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی، کۆتاییان بە مانگرتنی خۆیان هێنابوو.

لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی سەرماوەزەوە، ئەو زیندانییانەی لە خوارەوە هاتوون، لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ڕاگواستنیان بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی مانیان گرتبوو.

"سیروان حوسێنی ئەسڵ، سامان حوسێنی ئەسڵ، مەحیەدین تازەوارد، داود جەباری، سیروان ئەمینی، ئەمین دڵنشین، یاسر شەرەفەدین، خالید فەرەیدوونی، ئەرسەلان خودکام، حوسێن عوسمانی، مەحیەدین مەلائیبراهیمی، دارا ڕەشیدی، کەیوان ڕشووزادە، کامران قاسمی، کامیل سەیدان مەسکەن، ئەنوەر چاڵشی، محەممەد سەعیدی، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، محەممەد حوسێن پوور، خوسرەو زەرستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلام، فەرشاد فەتاحی، حامید عەلی‌محەممەد مەشکوو، موختار ئیبراهیمی، ڕەحمەت دەریابەندە، سیاوەش جەوان، موحسێن مەحاڵی، تاهیر حوسێن زادە، بێهزاد تەڵایی، هێمن چاوشین، بێهرووز براخاس، هووشەنگ چەمەن برا، هیدایەت سلێمان زادە، نایب عەسکەری، عەلی محەممەدی موقەدەم، عەبدولعەزیز گوڵ محەممەدی، حامید قەرە ئۆغڵانی، سەردار ئوزمەشە، محەممەد بیرداڵ، ئەسعەد (ساکار) عەینی، محەممەد هووشەنگی، محەممەدفاتێح (سامان) سامانی، فیرووز مووسالوو، شاکر بێهرووزی دیزەج، کەیهان موکەڕەم، حاتەم ئوزدەمیر و مەهدی سانع فەرشی".