ڕاگواستنی دوو هاووڵاتیی کورد لە ئیتلاعاتی ورمێ بۆ زیندانی نەغەدە

14:58 - 2 رێبەندان 2718
ئاژانسی کوردپا: دوو هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ئەم شارە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزران.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆتاییەکانی بەفرانبار، دوو هاووڵاتیی کورد، بە ناوەکانی \"بێهزاد شەهسەوار\" کوڕی میکائیل و \"سیامەند شەهسەوار\" کوڕی مستەفا، خەڵکی دزەی مەرگەوەڕ پاش درێژکردنەوەی قەراری دەستبەسەرکرانیان بۆ ماوەی دوومانگی دیکه، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی ورمێوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزران.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە بە \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" تۆمەتبار و \"لە دەستپێراگەیشتن بە پارێزەر\" بێبەری کراون.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە سەرەتاکانی بەفرانبار لە گومڕۆکی حاجی عومەران لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بە تۆمەتی \"هەواداری و هاوکاریی لەگەڵ یەکێک لە حیزبه کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر و بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرابوون.