ڕاپۆرتێک لەمەڕ دۆخی ٨ هاووڵاتیی کوردی تۆمەتبار بە "سیخوڕی" لە زیندانی ورمێ

13:01 - 2 جۆزەردان 2722

هەشت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "کامران هەنارە، وەفا هەنارە، ئەشکان عوسمان‌نژاد، فەخرەدین دودکانلوو، ئاران عومەری، ڕەحمان پەرهازو، حەسەن عومەرپوور و ئەمیر موشتاق" لە مانگی خەزەڵوەری ساڵی ١٤٠٠ لەلایەن ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەسبەسەر کران.

هەواڵدەریی "هێرانا" ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی بانەمەڕ، بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێک لەمەڕ دۆخی ئەو ٨ هاووڵاتییە بڵاوی کردەوە: "وەفا هەنارە لە یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێدایە و ٧ هاووڵاتیی دیکە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوو، پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوون".

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو هەشت هاووڵاتییە کوردەیان بە "سیخوڕی بۆ مووساد و وەرگرتنی دانپێدانان لە مەنسوور ڕەسووڵی مەئمووری سپای پاسداران" تۆمەتبار کردبوو.

مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ، میدیاکانی ئیسرائیل باسیان لە لێپرسینەوە لە مەنسوور ڕەسووڵی، مەئمووری سپای پاسداران خەڵکی گوندی "هێشمئاوا"ی ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لەنێو خاکی ئێران کردبوو.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: "لێپرسینەوە لە مەنسوورڕەسووڵی چوار مانگ پێش لە میدیاییکردنی هەواڵەکە، لە ورمێ ڕوویداوە، هەروەها مەنسوور ڕەسووڵی لە ماڵێکدا، لەژێر چاودێریی وەزارەتی ئیتلاعاتدایە".