ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی "سەرگوڵ ئەکبەری" لەلایەن هاوژینەکەیەوە لە سنە

12:38 - 21 جۆزەردان 2722

ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی جۆزەردان، هاووڵاتییەک بە ناوی "سەرگوڵ ئەکبەری" خەڵکی گوندی "هەشەمێز" و دانیشتووی شارەکی "حەسەن‌ئاوا"ی سنە بەهۆی "کێشەی بنەماڵەییـ"ـیەوە لەلایەن مێردەکەیەوە کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، "عیرفان ڕەشیدی'"خەڵکی گوندی "کەڕەسی"، هاوژینەکەی خۆی بە لێدانی بەردەوامی چەکوش، کوشتووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هاوژینی سەرگوڵ تووشبووی مادەی سڕکەری شیشە بووە و هەموو کات بە جنێودان و قسەی نەشیاو لەگەڵ بنەماڵەی خۆی بە تایبەت لەگەڵ سەرگوڵ هەڵسوکەوتی دەکرد. عیرفان ڕەشیدی پێش لە کوشتنی سەرگوڵ، دەستی ژنەکەی بە چەکوش شکاندبوو و دواتر چەند زەربە چەکوش لە سەری سەرگوڵ دەدات".

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا هەروەها ڕایگەیاند: "پاش ئەو ڕووداوە و هەوڵی دراوسێیەکانیان بۆ ڕزگارکردنی سەرگوڵ بێئاکام دەبێت و ئەو ژنە لە کاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەی کەوسەری سنە، گیانی لەدەست دابوو".

ئەو سەرچاوەیە لە کۆتاییدا وتی: "کیژان ڕەشیدی هەوڵی دابوو کە دایکی لەژێر دەستی باوکی ڕزگار بکات کە کیژانیش لەو ڕووداوەدا چەند زەربە چەکوشی بەر کەوتووە و دەستی بریندار بووە".

"سەرگوڵ ئەکبەری" دایکی دوو کچ و کوڕێکە.