ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین دۆخی ناڕەزاییەکانی شارەکانی کوردستان

11:21 - 6 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان لە شارەکانی جوانڕۆ، کرماشان، سنە، مەریوان و بۆکان، سەرەڕای وەسل نەکردنی هێڵی ئینتێرنێتی ئەو چەند شارە، شوێنە گشتییەکانی ئەو شارانەش بە مەئموورانی نیزامی و لیباس شەخسییەکان، تەندراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بەهۆی ناڕەزایەتییەکان لە شارەکانی کوردستان، سەرەڕای کوژران و بریندارکردنی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان، ڕەشبگیرییەکانیش بەردەوامە و مەئمووانی نیزامی، ئیتلاعاتی و لیباس شەخسییەکان، لە دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بەردەوامن.

ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی کوردپا باس لەوە دەکات کە دەسبەسەرکراوەکان لە ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شارەکان ڕاگیراون و بۆ  ئازادکردنی هەندێک لە هاووڵاتییان کە بە ڕەشبگیری گیراون، داوای بڕی ١٥ ملیۆن تمەن و هەروەها بۆ هەندێک لە هاووڵاتییان داوای بڕی ٤٠ ملیۆن تمەن لە بنەماڵەکانیان دەکەن تاکوو ئازادیان بکەن.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "ژمارەی زۆری بریندارەکان لە ترسی دەسبەسەرکردنیان، لە ماڵەکاندا چارەسەریی پزیشکییان بۆ دەکرێت".

سەرچاوەی کوردپا لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت: "هێزە حکوومەتییەکان بۆ ترساندنی خەڵک لە جوانڕۆ، بەردەوام لە حاڵی دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییاندان و هەروەها هێزێکی زۆری لیباس شەخسی و نیزامییەکان، بۆ ترساندنی خەڵک لەنێو شاردا بڵاوەیان پێکراوە".

لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژی شەممە، ٢ی سەرماوەز، "هووشەنگ بازوەند"، لە کۆبوونەوەی شۆرای پلاندانان و پەرەپێدانی پارێزگای کرماشان، هاووڵاتییانی ناڕازیی خەڵکی ئەو شارەی بە "پژاکی، داعشی، مۆنافێق و موعاند"ی حکوومەتی ئێران تاوانبار کرد و وتی، هەموو ئەو کەسانە لەلایەن هێزە ئینتزامی و ئەمنییەتییەکانەوە ناسێندراون و لەگەڵ ئەو کەسانە هەڵسوکەوتی یاسایی دەکرێت.

 ماڵپەڕەکانی سەر بە ناوەندە ئیتلاعاتییەکان پاش ناڕەزایەتییە بەربڵاوەکان لە کوردستان، پڕوپاگەندەی میدییان دژی حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە دەست پێکردووەتەوە.

ئەو ماڵپەڕانە ئیدعای ئەوەیان کردووە کە ئەندامانی حیزبەکانی کۆمەڵە و دێموکرات بە هاندانی هاووڵاتییانی ناڕازی، هێزە ئینتزامییەکانیان بەردباران کردووە و هەروەها ناوەندە دەوڵەتییەکانیان ئاگر تێبەرداوە.