ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی چەند ڕۆژی ڕابردووی بۆکان

17:16 - 3 سەرماوەز 2719

ئاژانسی کوردپا: بەهۆی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییانی بۆکان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی ئەو شارە لەلایەن مەئموورانی هێزە نیزامییەکانەوە دەسبەسەر و هەروەها تەمەنی دەسبەسەرکراوەکان لە نێوان ١٨ هەتا ٢٣ ساڵدایە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا و بەپێی زانیارییەکان، لەو ناڕەزایەتییانەدا ١٨٢ تا ٢٠٠ کەس دەسبەسەر کراون. ئەو کەسانە لە ئەماکن و ئیتلاعات و ستادی هێزی ئینتزامی ڕاگیراون.

زۆرینەی دەسبەسەرکراوان تەمەنیان لە نێوان ١٨ تا ٢٣ ساڵە.

زۆرێک لە دەسبەسەرکراوان بە بارمتەی ١٠٠ تا ٥٠٠ ملۆنی تەمەنی ئازاد کراون.

هەروەها ئەو کەسانەی گیراون، بەپێی سزاکەیان کە لەلایەن بەرپرسانی حکوومەت لەو شارەدا دەستنیشان دەکرێت، ٤٠ تا ١٠٠ ملیۆن تمەنیان لێ وەردەگیرێت.

لە بۆکان بۆ سەرکوتی خەڵک کەڵک لە گوللـەی‌ ساچمەیی، گازی فرمێسکڕێژ، باتووم و ئاوپاش وەردەگیرا.

لە سەرکوتی خەڵکدا سپا ڕۆڵی سەرەکیی هەبووە و هەروەها ئەمنییەتی شار بە هێزەکانی سپا درابوو.

لە ڕۆژی ناڕەزایەتییەکەی شاری بۆکان، هێزێکی زۆری دژە شۆڕشیان لە شارەکانی تیکاب، سایین قەڵا، میاندوئاو و مەراغە بۆ نێو شاری بۆکان هێنابوو کە پێش بە خەڵک بگرن تاکوو ناڕەزایەتی دەرنەبڕن و هەروەها بۆ چاوترسێنی خەڵک تەیارەی سپا لە کوولتەپە و چوارڕێیانی شارەداری هێزی پیادە دەکرد.

لە خۆپیشاندانەکانی بۆکان خەڵکێکی زۆر بەشدارییان کرد کە دەتوانین بڵێین کچ و کوڕ و ژن و منداڵ و هەروەها پیرەکانی ئەو شارەش بەشدار بوون.