ڕاپۆرتێک لە سەر پادگانی \"المهدی\" سپای پاسداران لە شاری ورمێ

12:38 - 25 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: پادگانی ئەلمێهدی سپای پاسداران لە شاری ورمێ، یەکێک لەو پادگانەیە کە لە ژێرکونترۆڵی سپای پاسداران دایە و زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە کە لە لایەن سپای پاسدارانەوە لە شارەکانی پارێزگای ورمێ دەسبەسەر دەکرێن لەو پادگانە لێکۆڵینەوەیان لێ‌کریت.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، پادگانی ئەلمێهدی سپای پاسدارانی شاری ورمێ، لە دەرەوەی ئەو شارە هەڵکەوتووە و دەکەوێنە نێوان جادەی ورمێ و تەورێز.

یەکێک لە هاووڵاتییانی کورد خەڵکی شاری پیرانشار کە بۆ خۆی لە پادگانی ئەلمێهدی بووە، پاش دەسبەسەر کران و ڕەوانە کردنی بۆ ئەو پادگانە، بەم چەشنە سەبارەت بە پادگانی ئەلمێهدی بۆ ئاژانسی کوردپا دوا.

پادگانی ئەلمێهدی کە لە ژێر کونترۆڵی سپای پاسداران دایە، لە دەرەوەی شاری ورمێ هەڵکەوتووە و زۆربەی ئەو هاووڵاتییانە کە لە شارەکانی پارێزگای ورمێ، لە لایەن سپای پاسدارانەوە بە تۆمەتی ئەندامبوون یان هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران\" دەسبەسەر دەکرێن، ڕەوانەی ئەو پادگانە دەکرێن.

ئەو هاووڵاتییە کوردە، هەروەها ڕایگەیاند: هاووڵاتییانی دەسبەسەر کراوی کورد بە تایبەتی ئەو کەسانەی کە بە تۆمەتی سیاسی_ئەمنییەتی لە لایەن سپای پاسدارانەوە، دەسبەسەر دەکرێن بۆ لێکۆڵینەوە، ڕەوانەی ئەو پادگانە دەکرێن و هەتا کاتی تەواو نەبوونی لێکۆڵینەوە لەو هاووڵاتییانە، ڕەوانەی زیندانە کانی دیکە ناکرێن.

ئەو زیندانییە کوردە، لە درێژەدا دەڵێت: تەنانەت لەو ماوەی ڕاگیرانی هاووڵاتییانی کورد لەو پادگانی ئەلمێهدی، بەرپرسانی ئەو پادگانە هیچ زانیارییەک سەبارەت بە هاووڵاتییانی دەسبەسەر کراوە بە بنەماڵەکانیان نادەن.

بە وتەی ئەو هاووڵاتییە کوردە، فەرماندەی گشتیی سپای پاسدارانە، لەوێ دەبێت و خۆی سەرپەرەستی کاروباری ئەو پادگانە و لێکۆڵینەوەکان دەکات.

ناوبراو هەروەها دەڵێت: زیندانەکانی پادگانی ئەلمێهدی ژووری تاکەکەسین و هەر زیندانێک ٧ ژووری تاکەکەسی هەیە و تەنیا یەک \"هواخوری\" هەیە و لە ڕۆژدا زیندانییان مافیان هەیە بۆ ماوەی ٢٠ خەلەک لە هەوا خۆری دابن.