ڕاپۆرتێک سەبارەت بە بارودۆخی زیندانییەکی سیاسیی بەندکراو لە زیندانی سنە

12:46 - 26 رەشەمه 2720

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "پەیام ئەنوەری"، کوڕی کاوە و خەڵکی شاری بانە، پاش (تسلیم بە رأی) بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ زیندانی ناوەندیی سنە ڕاگوێزراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە، ١٧ی خەزەڵوەری ٩٧، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە، ڕەوانەی گرتنگەی شارامفەری ئیتلاعاتی سپا لە سنە کرابوو.

پەیام ئەنوەری پاش ١ مانگ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ ملیۆن تمەنی بە شیوەی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی دادڕەسییەکەی لە گرتنگە ئازاد کرا و ٢ی بانەمەڕی ٩٨، لە لقی ٢ی لێپرسی دادگای ئینقلابی سنە، بە "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران" تۆمەتبار کرابوو.

ئەو زیندانییە سیاسییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە "دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر" و "چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی" بێبەری کراوە.

ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە ٢١ی خەزەڵوەری ٩٨، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، دادگایی کرا و حوکمی ٥ ساڵ زیندانیی تەعزیری بە ناوبراو ڕاگەیەندرابوو.

حوکمی ئەو زیندانییە سیاسییە بە (تسلیم بە رأی) بۆ ٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندانیی تەعزیری کەم کرابووەوە و دواتر بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندی سنە کراوە.