ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران

11:23 - 27 رەزبەر 2720

"ئانتونیو گوترێش" سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ٧٥ـەمین دانیشتنی کۆڕی گشتیی ئەو ڕێکخراوەیە، ڕاپۆرتێکی لە پەیوەندی لەگەڵ بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران پێشکەش کرد.

 ئەو ڕاپۆرتەی سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕێگای دەوڵەتی کۆماری ئیسلامی، ڕێکخراوە ناحکوومەتییەکان، میدیاکان و پشتبەستن بە کومیسیاری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە تایبەتی قوربانییان مافی مرۆڤ، بنەماڵەکان و پارێزەرەکانیان ئامادە کراوە، هەروەها لەو ڕاپۆرتەی ئانتونیو گوترێش، بە زەقی ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئاماری ئێعدام و "سەرکوتکردنی ناڕازییەکان" لە ئێران کراوە.

ئەو ڕاپۆرتە لە ڕێکەوتی ٩ی ڕەزبەری ساڵی ٩٨ هەتا ڕێکەوتی ٢٠ی جۆزەردانی ساڵی ٩٩، باس دەکات.

سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان بەنیسبەت سزای لەسێدارەدان لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ڕێژەیەکی بەربڵاو لەو حاڵەتانەی کە هێندێک لەوان چالاکیی ڕەوای مافی مرۆڤ و هەروەها بەرزبوونەوەی ئاماری ئێعدام لە ئێران لەخۆ دەگرن، نیگەرانیی دەربڕیوە.

 لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە کە بەپێی ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مەدەنی و سیاسی، سزای ئێعدام تەنیا بۆ تاوانی "زۆر جیددی" دادەسەپێت، لە کاتێکدا لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندیی جینسی بە ڕەزامەندیی هەردوولا، تاوانی پەیوەندیدار بە مادەی سڕکەر و هەروەها تاوانی وەک "افساد فی الارض"، کە پێناسەیەکی ناڕوونی بۆ کراوە، لەگەڵ سزای ئێعدام بەڕەوڕوو دەبێتەوە.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە بەرزبوونەوەی سزای لەسێدارەدان کراوە کە لە ساڵی ٢٠١٩ لانیکەم ٢٨٠ کەس ئێعدام کراوە کە ١٣ حاڵەتیان لە شوێنە گشتییەکان و لە پێش چاوی خەڵکدا بووە. هەروەها لانیکەم ٣٠ کەس لە پەیوەندی لەگەڵ مادەی سڕکەر ئێعدام کراوە کە ئەو ژمارەیە لە ساڵی ٢٠١٨، ٢٤ حاڵەت بووە. هەروەها لانیکەم ٨٤ ئێعدام لە ڕێکەوتی ١١ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ هەتا ٣ی بانەمەڕی ساڵی ٩٩ لە ئێران ڕوویداوە.

ڕاپۆرتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاماژە بە پێشێلکارییەکانی دادڕەسیی کەیفەری لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، بەتایبەت دەسەڵاتی دادوەری، نابەرانبەری لە بەرانبەر یاسا و دەسپێڕاگەیشتن بە ڕاوێژکاری بنەماڵە کردووە.

سکرتێری ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان لەو ڕاپۆرتەداهەروەها ئاماژەی بە بەرزبوونەوەی سزای ئێعدام بۆ مێرمنداڵان کردووە و نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و دەڵێت: "لە ڕێکەوتی ٢١ی جۆزەردانی ساڵی ٩٩، لانیکەم ٩٠ مێرمنداڵ، لە چاوەڕوانیی سزای ئێعدامدان".

هەروەها لە ساڵی ٢٠١٩، لانیکەم ٤ مێرمنداڵ ئێعدام کراون کە هەموو ئەوانەی لە کاتی تاوان کە ئیدعای قەتڵ کراوە، لەنێوان ١٥ هەتا ١٧ ساڵ تەمەنیان بووە.

ئانتونیو گوترێش هەروەها ئاماژەی بە گیانلەدەستدانی دانیال زەین‌ عابدینی، تاوانبارێک کە لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیدا تەمەنی لەژێر ١٨ ساڵ بووە، کردووە کە لە زیندانی میاندوواو لەلایەن دەوڵەتەوە ئاماژەی پێکراوە کە خۆی کوشتووە.

مافی ئازادیی بەڕێوەبردنی کۆبوونەوەی ئاشتیخوازانە

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاپۆرتەدا، ئانتونیو گوترێش پەرژاوەتە سەر سەرکوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨ و کەڵکوەرگرتن لە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی حکوومەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە کوژرانی لانیکەم ٣٠٤ کەس بە ایبەت ٢٣ مێرمنداڵ (٢٢ کوڕ و کچێک) و هەروەها ١٠ ژن (لەنێوان ٢٤ هەتا ٢٨ی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ٩٨) دەکات.