ڕاپۆرتی تەکمیلی/ دەسبەسەرکرانی هاووڵاتییان لە شاری بانە و کەڵکوەرگرتن لە دڕۆن بۆ گرتن و ناساندنی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو

11:01 - 21 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی خەزەڵوەر، ١٥ هاووڵاتیی کورد بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە شاری بانە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانە شوناسی ئەو ١٥ هاووڵاتییە کوردە دەسبەسەرکراوەی بە ناوەکانی: "ڕەفیق، سەلاح، وەفا، کەریم، لوقمان، بێهزاد، ئەبووبەکر، فەرهاد، فەرزاد، ئەحمەد، ئەرسەلان و کامران پزیشکی، سەعید ڕەشیدی، عوسمان محەممەدپوور و جەماڵ مروەتی" ڕاگەیاند.

هەواڵنێڕی کوردپا لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاند: "هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان بردووەتە سەر ماڵی ئەو هاووڵاتییانە لە گوندەکانی نجنێ، چۆمان، کەوپێچ و نەمشێر سەر بە شاری بانە. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە سووکایەتی و توندوتیژییان بەکار هێناوە".

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پەیوەندی لەگەڵ دەسبەسەرکردنی هاووڵاتییان بە هەواڵنێری کوردپا لە شاری بانەی ڕاگەیاندبوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان بۆ گرتن و ناساندنی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە دڕۆن کەڵکیان وەرگرتووە. هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەو هاووڵاتییانە، ئازار و ئەزیەتی بنەماڵەکان داوە".

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "هێزە ئەمنییەتییەکان هەوڵی پشکنینی ماڵی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراویان داوە و دەستیان بەسەر کەرەستەی کەسیی ئەو هاووڵاتییانە وەکوو لەبتاپ، کامێرا، مۆبایل و کتێبدا گرتبوو".

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری گرتن و تۆمەتی‌ وەپاڵدراو دژی ئەو هاووڵاتییانە و شوێنی ڕاگیرانیان، زانیارییەکی ئەوتۆ بەدەست نەهاتووە.