ڕاپۆرتی تەکمیلی لەسەر ڕاگواستنی زیندانییانی سیاسیی ورمێ بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی

10:22 - 22 بەفرانبار 2721

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار، لە ئەنجامی هێرشی گاردی تایبەتی زیندانی ورمێ بۆ بەندی ١٠ی ئەو زیندانە و ڕاگواستنی زیندانییانی سیاسیی بەندی نوێی سەرووئەمنییەتیی، ژمارەیەک لەو زیندانییە سیاسییانە بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لەنێو ئەو زیندانییانەدا "کەیهان موکەڕەم" بە سەختی سەری بریندار بووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو: "حاتەم ئوزدەمیر، حامید قەرەئۆغلانی، خالید فەریدوونی، فەرزاد سامانی، ساکار عەینی، کەیوان ڕەشووزادە، کامران قاسمی و نایب عەسکەری، بە توندترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە دراون و ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کراون و ئەگەری هەیە بۆ گرتنگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و ئیتلاعاتی سپای پاسداران ڕابگوازرێن".

ئەو سەرچاوەیە لەو بارەیەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "زیندانییانی دیکەی بەندی ١٠ی زیندانی ورمێ، بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتیی ئەو زیندانە ڕاگوێزراون و ئیزنیان نەداوە کە ئەو زیندانییانە هیچکامیان کەرەستە کەسییەکانیان لەگەڵ خۆیان ببن".

ڕۆژی دووشەممە ٢٠ی بەفرانبار کاتژمێر ٧ی بەیانی، هێزەکانی گاردی تایبەت هێرشیان کردە سەر بەندی زیندانییانی سیاسی و بە بەکاربردنی توندوتیژی ئەو زیندانییانەیان بۆ بەندی سەرووئەمنییەتی ڕاگواست.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو زیندانییانەی کە لە بەرانبەر ڕاگواستنیان بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی خۆڕاگرییان کردبوو، لەلایەن ئەو گاردانەوە ئازار و ئەشکەنجە دراون و "فەرزاد سامانی" و کۆمەڵێک لە زیندانییانی سیاسیی دیکە، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزراون.

ڕۆژی پێنجشەممە ٢ی بەفرانبار، زیندانییانی سیاسی- عەقیدەتی لەمەڕ ڕاگواستنیان بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی مانیان گرتبوو و کۆتاییان بە مانگرتنەکەی خۆیان هێنابوو.

ئەو زیندانییانە لەسەر بەڵێنیی بەرپرسانی زیندان و ڕانەگواستنیان بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی، کۆتاییان بە مانگرتنی خۆیان هێنابوو.

لە ڕۆژی دووشەممە ٢١ی سەرماوەزەوە، ئەو زیندانییانەی لە خوارەوە هاتوون، لە ناڕەزایەتی دەربڕین لەمەڕ ڕاگواستنیان بۆ بەندی نوێی سەرووئەمنییەتی مانیان گرتبوو.

"سیروان حوسێنی ئەسڵ، سامان حوسێنی ئەسڵ، مەحیەدین تازەوارد، داود جەباری، سیروان ئەمینی، ئەمین دڵنشین، یاسر شەرەفەدین، خالید فەرەیدوونی، ئەرسەلان خودکام، حوسێن عوسمانی، مەحیەدین مەلائیبراهیمی، دارا ڕەشیدی، کەیوان ڕشووزادە، کامران قاسمی، کامیل سەیدان مەسکەن، ئەنوەر چاڵشی، محەممەد سەعیدی، تۆفیق عەبدوڵڵاهی، محەممەد حوسێن پوور، خوسرەو زەرستان، سەید ئارام ئەمینولئیسلام، فەرشاد فەتاحی، حامید عەلی‌محەممەد مەشکوو، موختار ئیبراهیمی، ڕەحمەت دەریابەندە، سیاوەش جەوان، موحسێن مەحاڵی، تاهیر حوسێن زادە، بێهزاد تەڵایی، هێمن چاوشین، بێهرووز براخاس، هووشەنگ چەمەن برا، هیدایەت سلێمان زادە، نایب عەسکەری، عەلی محەممەدی موقەدەم، عەبدولعەزیز گوڵ محەممەدی، حامید قەرە ئۆغڵانی، سەردار ئوزمەشە، محەممەد بیرداڵ، ئەسعەد (ساکار) عەینی، محەممەد هووشەنگی، محەممەدفاتێح (سامان) سامانی، فیرووز مووسالوو، شاکر بێهرووزی دیزەج، کەیهان موکەڕەم، حاتەم ئوزدەمیر و مەهدی سانع فەرشی".