ڕاپۆرتی ئاژانسی کوردپا لە سەر کوژرانی ژنێک بە بیانووی "نامووس" لە ورمێ

17:03 - 16 رەشەمه 2720

١١ ڕۆژ پێش، ژنێکی تەمەن ٣٨ ساڵ، خەڵکی گوندی "بادکی" سەر بە شاری ورمێ، بە ناوی "عەزیزە حەقی"، دایکی ٤ منداڵ، لە ژێر ناوی پاراستنی "نامووس" لەلایەن مێردکەیەوە کوژرا.

هاوژینی ئەو ژنە بە ناوی "گرمان دەروێشی"، "عەزیزە"ی خنکاندبوو.

سەرچاوەیەکی ئاگادار به "کوردپا"ی ڕایگەیاندووە؛ "گرمان دەروێشی" گیرۆدەی مادەی سڕکەری "شیشە" بووە و بە گومانی "تاوانی نامووسی" هاوژینەکەی خۆی خنکاندبوو.

دراوسێکانی ئەو بنەماڵەیه لە وتووێژ لەگەڵ ئاژانسی کوردپا ئەو شک و گومانەی "گرمان دەروێشیـ"ـیان" ڕەت کردووەتەوە.

جەنازەی ئەو ژنە بۆ تەکمیلکردنی لێکۆڵینەوە، ڕەوانەی پزیشکیی یاسایی کراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوەتەوە.

هەروەها "گرمان دەروێشی" هەتا ئێستا خۆی حەشار داوە و دەسبەسەر نەکراوە.

دەبێت ئاماژەی بەوەش بکرێت کە گوندی "بادکی" یەکێکە لە گوندە نزیکەکانی شاری ورمێ و لە پەراوێزی ئەو شارە هەڵکەوتووە.

ئەمە دووهەمین حاڵەتی "قەتڵی نامووسییە" کە لە ماوەی یەک مانگی ڕابردوودا، لە ورمێ ڕوویداوە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٥ی ڕێبەندان، ژنێکی لاو بە ناوی "عشرەت نیکخوویی"، کچی جەمشید، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی گوندی "گەنگەچین" سەر بە ناوچەی سۆما و برادۆستی ورمێ، لەژێر ناوی "نامووسی"، لەلایەن ئامۆزاکانییەوە بە بێنزین ئاگری تێبەردرا و گیانی لەدەست دابوو.

سەبارەت بە کوشتنی ژنان، کاتێک کوشتنی ژنان بە پاڵنەریی پاراستنی ئابڕوو و شەرەفی بنەماڵەکەی بێت، دەچێتە خانەی "قەتڵە نامووسییەکانەوە"، حاڵەتگەلێک  وەکوو؛ مڵنەدان بۆ پێکهێنانی ژیانی‌هاوبەشی زۆرەملێ، قوربانیبوونی دەسدرێژیی جینسی، تەڵاق وەرگرتن، پەیوەندیی لەگەڵ لایەنەی بەرانبەر، خۆبواردن لە قسە و داب و نەریتی بنەماڵە و ... دەتوانێ شەرافەت و ئابڕووی بنەماڵەکەی "لەکەدار" بکات و ئەمەش هۆکارێکە بۆ "قەتڵە نامووسییەکان" لەلایەن بکوژەکانەوە.

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماریی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، لە سەرەتای ساڵی ٩٩ هەتا ئێستا،  بە ڕوونی ٧ حاڵەتی "قەتڵی نامووسـ"ـی لە کوردستان ڕووی داوە.

تەنزیم: ئەوین مستەفازادە