ڕاوەدوونانی کاسبکاران لە سەقز لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی ئێرانەوە کوژرانی دوو ژنی لێ‌کەوتەوە

14:45 - 7 پووشپەڕ 2716
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی ڕاوەدوونانی کاسبکاران لە سەقز لە لایەن هێزەکانی حکوومەتی ئێرانەوە، دوو ژن دەکوژرێن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٦ی پووشپەڕی ١٣٩٥ی هەتاوی، لە سێ‌ڕێیانی بۆیەنی شاری بانە، ماشێنێکی هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەکەوێتە شوێن ماشێنێکی کاسبکاران بۆئەوەی دەست بەسەر ماشێنی ئەو کاسبکارانەدا بگرن.

هەواڵنێری کوردپا لەو بارەیەوە ڕایگەیاند کە دوای ڕاوەدوونانی هێزکانی حکوومەتی ئێران، خەڵک پێش بەو هێزانەی حكوومەت دەگرن و لە ئاکامدا ڕێژیم هێزێکی زۆر دەبات بۆ گرتنی باری کاسبکاران.

لەو ڕاوەدوونانەدا فەرماندەی هێزی ئینتزامی ٢ ژن بەر ماشێنەکەی دەدات و ئەو ٢ ژنە گیانیان لەدەست دەدەن.

شوناسی یەکێک لەو ژنانه کە بۆ ئاژانسی کوردپا ڕوون بووەتەوە \"فاتمەیە\" سەر بە تایفەی \"حەمە هەڵۆ\"یە.

دوای ئەو ڕووداوە، شەڕ و پێکدادان لە نێوان خەڵک و هێزەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێراندا دێتە ئارا و ماشێنێکی هێزەکانی حکوومەت لە لایەن خەڵکەوە ئاگری تێ‌بەردەدرێت و کەسێکیش لە هێزەکانی حکوومەت بریندار دەبێت.