ڕاوەدوونانی ‌هێزە نیزامییەکان قوربانی بوونی کاسبکارێکی لێکەوتەوە

16:15 - 26 خاکەلێوه 2718
ئاژانسی کوردپا: وەرگەڕانی ماشینی کاسبکارێکی کورد خەڵکی شاری مەریوان پاش ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی گیان لە دەست دانی کاسبکارێکی لێکەوتەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ماشینی کاسبکارێکی کورد بە ناوی\"ڕەحمان جەمشیدی\" خەڵکی گوندی\"سێفی سەروو\" سەر بە شاری مەریوان پاش ڕادوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی لە ملەی \"تەتە\" وەرگەڕا کە لە ئەنجامدا ئەو کاسبکارە کوردە بە سەختی بریندار بوو.

بەپێی دوایین زانیارییەکان ڕۆژی شەممە ٢٥ی خاکەلێوە پاش چەند ڕۆژ مانەوە لە نەخۆشخانە، ڕەحمان جەمشیدی بە هۆی سەختی برینەکەی، گیانی لە دەست دا.

دەوترێ، ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە بە گومانی ئەوەیکە شتومەکی قاچاخی پێ بووە، لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە دراوەتە بە دەسڕێژی گوللە.

لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، هێزە نیزامیی_ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە جاددە هەڵەمووتەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات ماشینی هاووڵاتییانی کورد بە گومانی هەڵگرتنی شتومەکی قاچاخ دەدەنە بەر دەسڕێژی گوللە و لە زۆربەی حاڵەتەکاندا قوربانی بوونی هاووڵاتییانی کوردی لێدەکەوێتەوە.

هەتا ئێستا لەو پەیوەندییەدا، هیچ ناوەندێکی حقووقی و فەرمی وڵامدەریی تەقەی نایاسایی مەئموورانی حکوومەتی نەبوون.