ڕاوێژکاری ڕێبەری ئێران هەڕەشەی لە حیزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد

20:43 - 2 گەلاوێژ 2719
ئاژانسی کوردپا: ڕاوێژکاری ڕێبەری حکوومەتی ئێران، لە لێدوانێکدا لە شاری کرماشان، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری ئەو وڵاتەی کرد.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان لە لایەن ماڵپەڕەکانی سەر بە سپای پاسدارانەوە، \"ڕەحیم سەفەوی\"، ڕاوێژکاری ڕێبەری حکوومەتی ئێران لە لێدوانێکدا لە شاری کرماشان ڕایگەیاند: \"سپای پاسداران تۆڵەی قورس لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران دەکاتەوە\".

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاند: \"ئێمە داوا لە وڵاتی دراوسێ دەکەین بەپێی ڕێککەوتنەکان و بەڵێنەکان کە دەبێ پێبەندی بن، چاوەدێریی ئەو گرووپە دژبەرانە بکەن کە لە خاکی ئەواندا چالاکی دەکەن\".

لەم پەیوەندییەدا، پاسدار \"ئووسانلوو\"، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران، لە لێداوانێک لە شاری پیرانشاردا، هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی لە حیزبە کوردییەکانی کردبوو و وتبووی: \"حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە و دژە شۆڕشەکان لە خاکی هەرێمی کوردستانی عێراقدا، چاوەڕوانی تۆڵەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بن و لە ئەمڕۆەوە بۆ لەنێوبردنیان چرکەژمێری بکەن\".

ناوبراو ڕایگەیاندبوو: \"بەرپرسانی هەرێمی کوردستان تاوانباری سەرەکیی ئەم کارەن و دەبێ وڵامدەر بن. پێشتریش چەند جار لەو بوارە و پێگەیاندنی ئەو هێزانە لە هەرێمی کوردستاندا ئاگاداریمان بە بەرپرسانی ئەو حکوومەتە داوە\".