ڕاوچییەکانی بانە کەوەکانیان گەڕاندەوە باوەشی سروشت

21:50 - 19 جۆزەردان 2716
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ حەوتووی ژینگە و بە بەشداریی کۆمەڵێک لە چالاکانی ژینگە پارێز، ٦کەس لە کۆنە ڕاوچییەکانی شاری بانە، کەوەکانیان گەڕاندەوە بۆ باوەشی سروشت.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە بەیانیی ئەمڕۆ، ١٩ی جۆزەردان، شەش کەس لە ڕاوچییەکانی شاری بانە، بە شکاندنی قەفەسەکانیان، ژیانێکی نوێیان بە باڵندە و پەڵەوەرە کێوییەکان بەخشی.

ئازاد کردنی کەوەکان بە هاوکاریی هێندێک لە چالاکانی ژینگە پارێزی شاری بانە لە حەوتووی ژینگەدا بەڕێوەچوو.

ئەو ڕاوچییانە بە ئاگرتێپەردانی قەفەسی باڵنداکان، پەشیمان بوونەوەی خۆیان لە ڕاوکردن دەربڕی و بۆ هەمیشە وازیان لەو پیشەیە هێنا.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردودا لە زۆربەی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان، ڕاوچییە کوردەکان، بە شێوەی بەکۆمەڵ و بە مەبەستی پاراستنی ژینگەی کوردستان، دەستیان لە ڕاوکردن هەڵگرتووە، کە سەرجەمی ئەو چالاکییانە بەبێ یارمەتیی ناوەندە حکوومەتییەکان بەڕێوەچووە.