ڕاودوونانی کاسبکاران و تەقەکردن لە بنکەی نوێنەرایەتی ئێران خۆدرۆ لە شاری مەهاباد

21:20 - 18 خاکەلێوه 2719
ئاژانسی کوردپا: مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران، لە کاتی ڕاودوونانی کاسبکاران، تەقەیان لە بنکەی ئێران خۆدرۆ لەو شارە، کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە ١٨ی خاکەلێوە، مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان لە شارەکی کارمەندانی شاری مەهاباد، لە کاتی ڕاودوونانی کاسبکاران، بنکەی نوێنەرایەتی ئێران خۆدڕۆیان داوەتە بەر ڕەگباری گوللە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا ڕایگەیاند: هێزە ئینتزامییەکان لە کاتی ڕاودوونانی کاسبکاران تەقەیان لە کاسبکارانی کورد کردووە که بنکەی نوێنەرایەتی ئێران خۆدرۆ لە شاری مەهاباد کراوەتە ئامانج.

ئەو سەرچاوە ئاگادار هەروەها دەڵێت: ئەم هەوڵەی ‌هێزە ئینتزامییەکان خەسارەتی گیانی نەبووە و تەنیا بنکەی نوێنەرایەتی ئێران خۆدرۆ تووشی خەسارەتی ماڵی بووە.

هاووڵاتییانی خەڵکی شاری مەهاباد سەبارەت بە تەقەی هێزە ئینتزامییەکان، ناڕەزایەتییان دەربڕیووە و ڕایانگەیاندووە: لە کاتی ڕاودوونان، مەئموورانی هێزە ئینتزامییەکان، ئوسووڵی تەقە کردنیان لەبەرچاو نەگرتووە.

ناوەندەکانی حکوومەتی لەگەڵ کۆڵبەران و کاسبکاران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، لەژێر ناوی \"قاچاخچی شتومەک\" هەڵسوکەوت دەکەن، لە کاتێکدا دانیشتووانی کوردستانی ئێران بە هۆی نەبوونی هەل و دەرفەتی کار و ڕوانینی ئەمنییەتی بۆ ئەو ناوچانە لە لایەن حکوومەتەوە، بە ناچاری ڕوو لە پیشەی مەترسیداری کۆڵبەری دەکەن و لەو پەیوەندییەدا، زۆرێک لە کۆڵبەران لەو ڕێگایەدا گیانی خۆیان لە دەست دەدەن.

\"\"
ڕاودوونانی کاسبکاران و تەقەکردن لە بنکەی نوێنەرایەتی ئێران خۆدرۆ لە شاری مەهاباد