ڕاودوونانی کاسبکاران لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکان، گیان لە دەستدانی کاسبکارێکی لێ کەوتەوە

20:38 - 4 رەزبەر 2717
ئاژانسی کوردپا: ماشینی کاسبکارێکی کورد لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، وەرگەڕا و شۆفیری ماشینەکەش گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو ٣ی ڕەزبەر، هێزە ئینتزامییەکانی حکوومەتی ئێران جێگیر لە پاسگای گوندی \"حەسەن سالاران\"ی شاری سەقز تەقەیان لە ماشینی کاسبکارێکی کورد کرد و لە ئەنجامی ڕاودوونانی ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە لە لایەن ئەو هێزانەوە، وەرگەڕا و شۆفیری ماشینەکەش گیانی لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی بە \"دانا عێراقی\" خەڵکی شاری سەقز ڕاگەیاندووە.

دەگوترێ، هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی بە گومانی هەبوونی شتومەکی قاچاغ بە دوای ماشینی ئەو کاسبکارە کوردە کەوتوون.

ئەو ڕووداوە لە نزیک گوندی \"قشلاقی پرد\" ڕووی داوە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان، چەند ماشێنێکی کاسبکارانی کورد، لە جاددەی مەهابادـ نەغەدە دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامی ئەو ڕاودوونانەدا ماشینی یەکێک لە کاسبکاران تووشی ڕووداوی هاتووچۆ دەبێت.

لەو ڕووداوەدا، یەکێک لە کاسبکارەکان بە ناو \"حوسێن جێرم‌بەخشی\" مێهدی‌زادە کوڕی فەتاح مەلا مێهدی، خەڵکی شاری مەهاباد گیانی لە دەست دا.

ئەو ڕووداوە، بە دوای ڕاودوونانی هێزە ئینتزامییەکان لە نزیک گوندی \"ئاڵبڵاغ\"ی شاری مەهاباد ڕووی داوە.