ڕاودوونانی هێزە ئینتزامییەکانی گیان لە دەستدانی کاسبکارێکی لێکەوتەوە

20:44 - 25 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران لە شاری مەهاباد گیانی لە دەستدانی کاسبکارێکی کوردی بە دواوە بوو.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ٢٤ی خەرمانان، چەند ماشێنێکی کاسبکارانی کورد لە جاددەی مەهاباد_نەغەدە دەکەونە بۆسەی هێزە نیزامییەکان و لە ئەنجامی ئەو ڕاودوونانەدا ماشێنی یەکێک لە کاسبکاران تووشی ڕووداوی هاتوچۆ دەبێت.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد لە زاری شایەتحاڵەکانەوە ڕایگەیاند: \"بە دوای ئەو ڕووداوەدا، یەکێک لە کاسبکاران گیانی لە دەست دا\".

\"\"هەواڵنێری کوردپا لە شاری مەهاباد شوناسی ئەو کاسبکارە کوردەی \"حوسێن مێهدی زادە\" (جرم بەخش) کوڕی \"فەتاحی مەلا مێهدی\" خەڵکی مەهاباد ڕاگەیاندووە.

ئەو ڕووداوە، بە دوای ڕاودوونانی هێزە ئینتزامییەکان لە نزیک گوندی \"ئاڵبڵاغ\"ی شاری مەهاباد ڕووی داوە.

بە وتەی شایەتحاڵەکان، هێزە ئینتزامییەکان بە گومانی شتومەکی قاچاغ دەستیان کردووە بە ڕاودوونانی ماشێنی کاسبکاران.

دەوترێ، پاش ئەو ڕووداوە، هێزە ئینتزامییەکان دەستیان گرتووە بە سەر کەلوپەلی کاسبکاران و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

لە لایەکی دیکەوە، بەپێی هەواڵە گەیشتووەکان بە ئاژانسی کوردپا، شەوی ڕابردوو، هێزە ئینتزامییەکان لە گوندی \"نێ\"ی سەر بە شاری مەریوان هەوڵی گرتنی شتومەکی کاسبکارانیان داوە.

خەڵکی ئەو گوندە پاش ئاگادار بوون لەو هەوڵەی هێزە ئینتزامییەکان، جاددەی سەرەکیی ئەو گوندەیان لە سەر هێزە ئینتزامییەکان داخستووە و پێشیان لە دەست بە سەرداگرتنی شتومەکی کاسبکارەکانیان گرتووە.