ڕاودوونانی هێزەکانی سپای پاسداران، خنکاندنی کاسبکارێکی شنۆیی لێکەوتەوە

11:32 - 27 بانەمەڕ 2720

ڕۆژی هەینی ٢٦ی بانەمەڕ، لە ئەنجامی بۆسەدانانی هێزەکانی سپای پاسداران لەسەر ڕێگای ژمارەیەک لە کاسبکاران، کاسبکارێکی لاو بە ناوی "ئارام مەولوودی" تەمەن ٢٥ ساڵ، لە ڕووباری گادەر، خنکا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو باریەوە بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: "ئەو کاسبکارە کوردە لەگەڵ ژمارەیەک لە کاسبکارانی دیکە لە ئەنجامی ڕاودوونانی هێزە نیزامییەکان، دەکەوێتە ناو ڕووباری گادەر و گیانی لەدەست دەدات".

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەو ڕووداوە لە نزیک پردی "ئایشەخان" ڕوویداوە و ئەو کاسبکارە لە ترسی دەسبەسەرکران و کوژرانی لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە، خۆی فڕێ داوەتە ڕووباری گادەر و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو کاسبکارە کوردە، خێزاندار و باوکی منداڵیکی کەم تەمەنە.