ڕامین حوسێن پەناهی و زانیار موردای نامەیەکی سەرئاوەڵایان بڵاو کردەوە

15:43 - 9 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: \"ڕامین حوسێن پەناهی و زانیار موردای\"، دوو زیندانیی سیاسیی کورد، لە زیندانەکانی ئێراندا لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا ڕوو لە بیروڕای گشتی، داوایان لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی و مافی مرۆڤ کردووە بە نیسبەت ئێعدام و سەرکوتەکان لە کوردستاندا کەمتەرخەم نەبن.

لە نامەی ئەو دوو زیندانییە سیاسییه کوردەدا هاتووە: \'\'شەڕ لە کوردستان بیانووی بە کۆماری ئیسلامی دا، هەتا بە بیانووی تەجزیەتەڵەبی، شەڕخوازی، \"ضد انقلاب\" و هەروەها لە ڕێگای هەڵخڕاندنی هەستی نەتەوەیی و ئایینی بەستێنی سەرکوت لە کوردستان ئامادە و هەموو ڕەوتە سیاسییەکانی دژبەریش لە سەرەتای دەیەی ٦٠ سەرکوت بکات. هەر بۆیە لاوانی کوردستان بە بیانووی واهی وەکوو تەجزیەتەڵەبی یا چالاکیی تێرۆریستیی بە ئێعدام مەحکووم دەکات کە بۆ نموونە دەتوانین باس لە فەرزاد کەمانگەر، مامۆستای لێهاتوو بکەین.

ئەو دوو زیندانییە سیاسییە کوردە لەو نامەیەدا باسیان لەوە کردووە، هیوادارین پرسی ئێعدامە سیاسییەکان لە کوردستان کە بەداخەوە لەو ساڵانەدا بووەتە بابەتێکی ئاسایی، ببێتە بەستێنێک بۆ یەکگرتوویی سەرتاسەری دژی ئێعدام و سەرکوتەکان.

لە بەشێکی دیکەی ئەو نامەیەدا هاتووە، بەداخەوە لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ هەموو حەشیمەتی غەیرە کوردی ئێران ئاشکرا بووە کە ئێعدامی کوردێک ڕووداوێکی تایبەت نەبووە چونکە هەمیشە لەژێر کاریگەریی میدیاکانی حکوومەتی، کوردەکانیان وەکوو تەجزیەتەڵەب و شەڕخواز لە قەڵەم داوە.

ئەو دوو زینداییە سیاسییە کوردە لەو نامەیەدا داوایان کردووە، ئێمە وەک دوو زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە ئێعدام، نە تەنیا لە جوغرافیایەک بە ناوی کوردستان، بەڵکوو وەکوو زیندانیانی سیاسی بۆ گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی دێموکراتیک لە ئێراندا داوا لە چالاکانی مافی مرۆڤ و سیاسیی دەکەین بە نیسبەت حوکمە ناعادڵانەکانی دەزگایی قەزایی ئێران بێدەنگ نەبن.
دەقی ئەو نامەیە لە بەشی \"فارسی\" ئاژانسی کوردپا دانراوە.