ڕامین حوسێن پەناهی بە ئێعدام مەحکووم کرا

19:56 - 5 رێبەندان 2717
ئاژانسی کوردپا: زیندانییەکی سیاسی کورد لە گرتووخانەی ناوەندیی شارئی سنە بە ئێعدام مەحکووم کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، دادگای ئینقلابی شاری سنە لە حوکمێکدا، ڕامین حوسێن پەناهی، زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدام کرد. ئەو حوکمە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی ڕێبەندان بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕامین حوسێن پەناهی بە تۆمەتی \"هەواڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی و ئەندامبوون لە کۆمەڵە\" و هەروەها\" هەڵگرتنی چەک و شەڕ و تێکهەڵچوونی نیزامیی\" تاوانبار کرابوو، ناوبراو تەواوی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردبووە و بە بێ \"بنەما و تەنیا سناریۆی سازیی وەزارەتی ئیتلاعات\" ڕاگەیاندبوو.

یەکەم دادگای ئەو زیندانییە سیاسییە کورد، ڕۆژی دووشەممە ٢٥ی بەفرانبار لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"سەعیدی\" و دادوەرێکی دیکە بەڕێوەچووبوو.

ئەو زیندانییە سیاسیە کوردە، پاش زیاتر لە ٢٠٠ ڕۆژ لە دەستبەسەر کردنی لە ژووری تاکەکەسی ئیدارەی ئیتلاعات و سپای پاسداران ١٩ی بەفرانباری ئەمساڵ بۆ زیندانیی ناوەندیی شاری سنە گوێزرایەوە.

ڕامین حوسێن پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەستبەسەر و پێش لە تەواو بوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە. پاش دەستەبسەر کردنی ڕامین، هێزە ئیتلاعاتییەکان هەوڵی دەستبەسەر کردنی بنەماڵەی حوسێن پەناهیان دا.