چەکدارانی سوپای پاسداران لێڕەوارەکانی ناوچەی رەبەتیان ئاگر تێبەرداوەو خەڵک داوای یارمەتی دەکەن

15:00 - 17 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران، رووبەرێکی بەرفراوان لە دارستان و لەوەڕگەکانی ناوچەی رەبەت لە ئاگردا سووتا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەر لە ئێوارەی رۆژی دووشەممە ریکەوتی ١٦ی پووشپەڕ، دارستان و لێڕەواری گوندەکانی دەشتێ، پاراستان، پاشبەرد و نواوێ لە ناوچەی (رەبەت)ی سەربە شارستانی سەردەشت، بەهۆی تەقەی چەکدارەکانی سوپای پاسدارانەوە ئاگری تێبەربوو.

بە گوتەی هاووڵاتییانی ناوچەی رەبەت، ئەو دارستانانە نیوەڕۆی رۆژی رابردوو ئاگریان تێبەردراوەو لایەنە پەیونەدیدارەکان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هیچ هەوڵێکیان نەداوە.

هاوکات، ماڵپەڕی \"ئیرنا\" لە زاری فەرماندەی یەگانی پاراستنی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئوستانی ئازەربایجانی رۆژئاواوە بڵاوی کردۆتەوە، کە ئامادەیی تەواویان بۆ بەرنگاربوونەوەو کۆنتڕۆڵ کردنی هەر جۆرە ئاگرکەوتنەوەیەک لە دارستان و لێڕەوارەکانی ئوستاندا هەیە.

یووسف‌عەلی ئیبراهیم‌پوور گوتووشیەتی: هێزەکانیان بە هەموو کەرەستەیەک تەیار کراون و ئامادەی بەرەڕووبوونەوەی هەموو جۆرە رووداوێکن و هاووڵاتییانیش دەتوانن لەگەڵ دیتنی هەر رووداوێکی ئاگرکەوتنەوە، پەیوەندی بە ناوەندەکەیانەوە بگرن.

ئیدیعای ئەو بەرپرسە حکوومەتیە لە کاتێکدایە، کە بە گوتەی شایەتحاڵان، خەڵکی ئەو چوار گوندە پاش ئەوەی لەلایەن لایەنە پەیونەدیدارەکانەوە وڵامیان نەدرایەوە، داوایان لە هاووڵاتییانی شاری رەبەت و گوندەکانی دەورووبەری خۆیان کردووە، کە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرەکە یارمەتییان بدەن.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژی دووشەممە دارستانی نێوان گوندەکانی لەنجاوا و گوێزە کوێرەی سەربە شارستانی مەریوان لە ئاگردا سووتا و ئاگرکەوتنەوەکەش لەلایەن هاووڵاتییانی ئەو دوو گوندەوە کۆنترۆڵ کرا.

هەروەها رۆژی یەکشەممەی رابردوو نزیک بە ١٠ هێکتار لەوەڕگەی پشتی شەهرەکی ژاندارمیریی کرماشان لە ئاگردا سووتا.

بەرپرسی ئیدارەی ئاگرکوژێنەوەی ئوستانی کرماشان رایگەیاندووە، ئەو ئاگرکەوتنەوە کە ٨ هەتا ١٠ هێکتار لەوەڕگەی لە ناوبردووە، بە دەستی کەسانێکی نەناسراو هاتۆتە ئاراوە.

هاووڵاتییان بە دەیان جار رایانگەیاندووە؛ نزیک بە تێکڕای ئاگرکەوتنەوەکان لە ناوچە کوردنشینەکان، لەلایەن کەسانی سەربە ناوەندە ئەمنیەتی و نیزامییەکانەوە دێنە ئاراوەو هەر بۆیەش لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ جۆرە هەوڵێک بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی ئاگرکەوتنەوەکان نادەن.