چەکدارانی سوپای پاسداران بوونە هۆکاری جەڵتە و گیان لەدەستدانی باوکی کۆڵبەرێک لە پاوە

19:20 - 9 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: باوکی کٶلبەرێکی دەستبەسەر کراوی خەڵکی ناوچەی پاوە، بە بیستنی هەواڵی دەستبەسەرکرانی کوڕەکەی بە دەستی هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران جێگی لە مقەڕی ژاڵە، تووشی جەڵتە و شۆک هات و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەست دانی.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شەوی دووشەممە ریکەوتی ٧ی رەزبەر هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران لە ناوچەی \"مەڕەخێڵ\"ی سەربە شاری پاوە کۆڵبەرێکی خەڵکی گوندی (سریاس)ی پاوەیان بەناوی پیدرام محەمەدی کوشت و پێنج کۆلبەریشیان دەستبەسەر کرد.

\"22404.jpg\"
پیدرام محەمەدی
هەورامان حوسێنی کوڕی فەتاح، رێکەوت محەمەدی کوڕی قادر، ئارەش حوسێنی کوڕی بارام، شێرزاد پاکسرشت کوڕی حەمە سەلیم و جەلیل حوسێنی کوڕی قادر ناسناوی ئەو پێنج کۆڵبەرە کوردە راگەیەندراوە، کە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراون.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئارەش حوسێنی بەهۆی دەستکورتیی بنەماڵەکەیەوە رووی لە کۆڵبەری کردبوو، کە باوکی ناوبراو بە بیستنی هەواڵی دەستەبسەر کرانی کوڕەکەی تووشی جەڵتەی دڵ هاتووە و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەکە باسی لەوەش کردووە، پیدرام محەمەدیش لەبەر ئەوەیکە باوکی بەهۆی نەخۆشییەوە لە ماڵەوە گردەنشین کەوتبوو، لە تەمەنی ١٩ ساڵیدا رووی لە کۆڵبەری کردبوو، کە سەرلەئێوارەی رۆژی دووشەممەی رێکەوتی ٧ی رەزبەر لەلایەن چەکدارانی سوپای پاسدارانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە گیانی لێ ئەستێندرا.