چەواشەکارییەکانی فەرمانداری سنە لەسەر کوژرانی سارۆ قارەمانی

13:52 - 25 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: پاش کوژرانی لاوێکی تەمەن ٢٤ ساڵی خەڵکی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارەوە، بۆ پەردەپۆش کردنی ئەو جەنایەتە، فەرمانداری شاری سنە، بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای هاوووڵاتییانی شاری سنە، لەسەر ڕاستییەکانی کوژرانی ئەو لاوە چەواشەکاری دەکات.

فەرمانداری شاری سنە، لە ترسی ڕاپەڕینی خەڵکی شاری سنە، بە هۆی کوژرانی لاوێکی خەڵکی ئەو شارە بە ناوی \"سارۆ قارەمانی\"، بە شێوەکی ناشیرین دەستی بە پڕوپاگەندە کردووە و تۆمەتی کوژرانی ئەو هاووڵاتییە دەخاتە ئەستۆی هێزە دژبەرەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە.

لێدوانەکانی فەرمانداری شاری سنە، لە حاڵێک دایە، کە سارۆ قارەمانی، لە کاتی خۆپێشاندانەکانی شاری سنە، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئەو شارە دەسبەسەر کرابوو و پاش ١١ ڕۆژ بێسەروشوێن بوونی ناوبراو، ئیدارەی ئیتلاعات ئەو بنەماڵەیە ئاگادار دەکاتەوە، کە تەرمی کوڕەکەیان لە ساردخانە دایە و تەنانەت ئیزنی سەرخۆشیشیان بە بنەماڵەکەی نەداوە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، هێزە ئیتلاعاتییەکان لە ترسی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی خەڵکی شاری سنە، لە هەمبەر ئەو کردەوە دژە مرۆییانەیان، بە زۆری گرتە ویدئۆییەکیان لە \"محەممەد قارەمانی\" باوکی سارۆ قارەمانی بڵاو کردووتەوە، کە کوڕەکەی ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران بووە و لە شەڕ و تێکەڵچووندا کوژراوە.

هەروەها لە لایەکی دیکەوە، بەهارە ڕەهنما، ئەکتەری سینەما وتەلەفزیۆن، لە تویتی تایبەتی خۆیدا سەبارەت بە کوژرانی سارۆ قارەمانی، دەڵێت: کاتێک وێنەی سارۆم بینی، پێم وابوو کە هەواڵێکی خۆشە و لە کارەکەیدا سەرکەوتنی بە دەست هێناوە، چوونکە سارۆ ماوەی یەکساڵ لە ڕێستۆرانەکەی ئێمەدا کاری دەکرد.

بەهارە ڕەهنما لە درێژەدا، دەڵێت: لە کاتی خوێندنەوەی هەواڵی کوژرانی سارۆ، زەینم، وەک کاتژمێر وەکار کەوتووە، کە چۆن سارۆ کوژراوە، چوونکە ئەو کەسێکی هێدی و لەسەرخۆ بوو، ئەو نە سیاسی بوو و نە ناڕازی و یاغی و یاساشکێن، ئەو تەنیا ئارەزووی دڵخۆش کردنی دایکی بوو. بۆچی کوژرا و بە چ گوناحێک؟