چەواشەکاری و پاساوە نەشیاوەکانی بەرپرسانی حکوومەتی لەمەڕ کوژرانی زیندانییەک لە زیندانی سنە بەردەوامە

16:02 - 19 خەزەڵوەر 2721

 پاش شاردنەوەی ڕاستییەکان لەمەڕ کوژرانی زیندانییەکی کورد لە زیندانی سنە و هەوڵی شاردنەوەی ڕاستییەکان لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتەوە، دەنگ و ڕەنگی ئێران لە هەوڵێکی چەواشەکارییانەدا، گرتە ڤیدیۆیەکی لە گیانلەدەستدانی "خوسرەو جەماڵیفەڕ" لە ژووری تاکەکەسیی ئەو زیندانە بڵاو کردووەتەوە کە ئەو زیندانییە بەهۆی سەرگێژە گیانی لەدەست داوە.

ئەو گرتە ڤیدیۆیە کە لە دەنگ و ڕەنگی حکوومەتی ئێران بڵاو بووەتەوە، ژوورێکی تاکەکەسیی زیندانی سنە پیشان دەدات.

ئەو گرتە ڤیدیۆیە لە حاڵێکدا بڵاو بووەتەوە کە بنەماڵەی "جەماڵیفەڕ" دەڵێن کە کوڕەکەیان بەهۆی ئازار و ئەشکەنجە لە زیندانی سنە گیانی لەدەست داوە؛ هەروەها لەو گرتە ڤیدیۆیەدا ڕووخساری ئەو کەسە لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی سنە پیشان نەدراوە.

بەرپرسانی حکوومەتی هۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو زیندانییە کوردەیان بۆ خۆکوژی لە ڕێگای خواردنی "حەب" گەڕاندووەتەوە و داواکاریی بنەماڵەی "خوسرەو" بۆ سەردانکردنی پزیشکی یاسایی ڕەت کراوەتەوە.

لەو پەیوەندییەدا و پێشتریش پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی گیانلەدەستدانی خوسرەو جەماڵیفەڕ لە زیندانی سنە لەژێر ئازار و ئەشکەنجە، دادستان و پەیوەندییە گشتییەکانی زیندانی سنە، هۆکاری کوژرانی ئەو زیندانییە کوردەیان بۆ شەڕ و دەمەقاڵێ لەگەڵ زیندانییەکی دیکە لەنێو بەندی ئەو زیندانە، گەڕاندبووەوە.

شەوی سێشەممە ١١ی خەزەڵوەر، "خوسرەو جەماڵیفەر" بەهۆی ئەشکەنجە و لێدانی مەئموورانی زیندانی ئەو شارە گیانی لەدەست دا.

ئەو زیندانییە کە لە ژووری تاکەکەسیی بەندی قەرەنتینەدا بووە، بەهۆی ئەشکەنجەی مەئموورانی زیندان زەربە بەر سەری کەوتبوو و گیانی لەدەست دابوو.

ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی خەزەڵوەر، تەرمی خوسرەو جەماڵیفەر لە کەشوهەوایەکی ئەمنییەتی لە بەهەشتی محەممەدی ئەسپەردەی خاک کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان هەڕەشەیان لە بنەماڵەی ئەو زیندانییە کردبوو کە لەگەڵ هیچ میدیایەک لێدوان نەدەن.