چەند ئەندامی سپای پاسداران لە شاخی شاهۆ کوژرا و بریندار بوون

21:09 - 4 بانەمەڕ 2719
ئاژانسی کوردپا: بە هۆی شەڕ و تێکەڵچوونی گرووپێکی چەکداری نەناسراو لە شاخی شاهۆ لە گەڵ هێزەکانی سپای پاسداران، چەند ئەندامی سپای پاسداران کوژرا و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێکەوتی ٤ی بانەمەڕ، لە ئەنجامی شەڕ و تێکەڵچوونی گرووپێکی چەکداری نەناسراو لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران، چەند ئەندامی خۆجێی سپای پاسداران کوژرا و بریندار بوون.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی یەکێک لە ئەندامانی کوژراوی خۆجێی سپای پاسدارانی بە ناوی \"ناسر دروویی\" خەڵکی گوندی لون سەر بە شاری کامیاران ڕاگەیاند.

هەواڵنێری کوردپا، باسی لەوە کرد که کەسێکی دیکە خەڵکی گوندی لونی بە ناوی \"سابیر دروویی\" برای ناسر لەو شەڕدا، بریندار بووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ کام لە حیزبە کوردییەکانی ئوپوزسیونی حکوومەتی ئێران، ئەم شەڕەیان لە ئەستۆ نەگرتووە.

لەو پەیوەندییەدا، ئەمڕۆ چوارشەممە ٤ی خاکەلێوە، سپای پاسداران بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، باسی لە بەڕێوەبردنی مانۆرێکی نیزامیی لە شاخی شاهۆی کامیاران کردبوو.

سپای پاسداران دوای لە مەڕدارانی گوندەکانی پاڵنگان و دێوەزناو کردووە که خۆیان لە چوون بۆ شاخی شاهۆ دوور بگرن.