چەند گوندی ناوچەی بانە لە خزمەتگوزاری بێبەشن

13:21 - 10 بەفرانبار 2711
كوردپا: هاووڵاتیانی چەند گوندی ناوچەی بانە وێڕای رەخنە گرتن لە كەمتر خەمی لێپرسراوانی پێوەندیداری شاری بانە، خوازیاری خزمەتگوزاری لەلایەن ئیدارەی ئاو و ئاوەرۆی ئەو شارە بوون.

دانیشتوانی گوندەكانی میراوێ‌سەروو و خوارووی سەر بە بانە رایگەیاندووە، لە بوونی ئاوی خواردنەوەی خاوێن و هەروەها رێگا و بان بێبەشین.

ئەندامانی شۆرای ئەودوو گوندە ئاشكرییان كردووە، بە بەردەوامی بە مەبەستی كێشانی بۆڕی ئاو و رێگا و بان سەردانی لایەنە پێوەندیدارەكانمان كردووە بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەوڵێكیان لەو پێوەندییەدا نەداوە.

خالید غەفووری یەكێك لە ئەندامانی شۆرای گوندی میراوێ‌بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی راگەیاندووە، گوندی میراوی زیاتر لە 60 بنەماڵەی لە خۆ گرتووە و لە بوونی ئاوی خواردنەوەی خاوێن بێبەشە و لێپرسراوان لەو پێوەندییەدا كەمتر خەمی بەرچاویان لە خۆیان نیشان داوە.

خالید غەفووری وتیشی، خەڵكی ئەو گوندە بە ناچاری و بۆ دابین كردنی ئاوی خواردنەوەیان بیری ئاویان هەڵقەندووە.

بەوتەی ئەندامانی شۆرای گوندەكانی مێراوێ‌سەروو و خواروو نەبوونی ئاو خواردنەوە و رێگا و بان دانیشتوانی ئەو گوندانەی لەگەڵ كێشە و ئاریشە بەرەوڕوو كردووە.

سەعید رەحیمی یەكێكی دیكە لە ئەندامانی شۆرای ئەو گوندانە رایگەیاندووە، كومپانیا بەڵێندەرەكان قیرە تاو كردنی رێگای ئەو گوندانەیان وەئەستۆ گرت، بەڵام بە هۆی چاوەدێر نەكردنیان لەلایەن لێپرسروانی شاری بانەوە دوای ماوەیەكی كورت رێگاو بانەكان لەگەڵ كێشە بەرەوڕوو بوونەوە.