چەند کەسێک لە سەقز، بە ئاشکرا هەوڵی بڕینی دووکانەکان ئەدەن

15:32 - 15 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: کەمتەرخەمیی پۆلیس لە شاری سەقز لەمەڕ پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، ترس و نیگەرانیی لە رادەبەدەری لای خەلکی شارەکە دروست کردووە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٤ی بەفرانبار، چوار کەس، کە شوناسیان ئاشکرایە، چوونەتە سەر نووسینگەیەکی خانەبورە فرۆشی لە گەڕەکی حەماڵ ئاوای سەقز و بە زەبری هەڕەشە و چەقۆ، ویستوویانە پارە لەو خاوەن نووسینگەیە وەربگرن.

یەکێک لە شایەتحاڵان بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ شایەتحاڵان و جیران دووکانەکانی ئەو نووسینگەیە، دەستەبجێ پۆلیسیان لەو رووداوە ئاگادار کردووە، بەڵام پاش کاتژمێرێک گەیشتوونەتە شوینی رووداوەکە.

سەرچاوەکە روونی کردەوە، ئەو چوار کەسە لەلایەن دانیشتوانی گەڕەکی حەماڵاواوە لەو شوێنە راو نراون.

ئەو شایەتحاڵە ئاشکرای کرد، لە کاتێکدا شوناسی ئەو کەسانە درایە پۆلیسی شاری سەقز، بەڵام هێزەکانی پۆلیس هیچ هەوڵێکیان بۆ دەستبەسەرکردنی ئەو کەسانە نەدا.

شایەتحاڵەکە شوناسی ئەو کەسانەی (ک. ح)، (ع. ح)، (م. ی. ن) و (ب) بۆ هەواڵنیری کوردپا ئاشکرا کرد و گوتیشی؛ لە کاتێکدا ئەو چەند کەسە بەردەوام خەریکی ئازار و ئەزیەتی خەڵکن، بەهۆی ئەوەیکە کاری \"سیخوڕی\" بۆ ئیتلاعات دەکەن، دەستبەسەر ناکرێن.

بەهۆی بێکاری و هەژاریی لە رادەبەدەر لە وڵاتی ئێران، بەتایبەت لە ناوچە پەراوێز خراوەکانی وەکوو کوردستانات، کە بە گوتەی چالاکانی سیاسی ئەنجامی هەڵاواردنی ئەنقەستی حکوومەتی ئیسلامییە، رێژەی تاوان و تاوانکاریش رووی لە زیادبوون کردووە.