چەند کۆڵبەری کورد لە سنووری شاری پیرانشاردا کوژران و بریندار بوون

21:04 - 7 جۆزەردان 2719
ئاژانسی کوردپا: چەند کۆڵبەری کورد، بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران لە سنووری شاری پیرانشاردا کوژران و بریندار بوون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سیشەممە، ٧ی جۆزەردان، ژمارەیەک لە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچەی \"سێ چۆمانـ\"ی شاری پیرانشار، کرانە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران و لە ئاکامدا، چەند کۆڵبەرێک کوژران و بریندار بوون.

شوناسی دوو کەس لەو کۆڵبەرانە کە گیانیان لەدەست داوە بە ناوەکانی \"خالید سەلیمی\"، خەڵکی شاری سەردەشت و \"ئاکام باردڵ\"، خەڵکی شاری مەهاباد، ڕاگەیەندراوە.

لە شوناسی ئەو کۆڵبەرانی دیکە، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ئەم گرووپە لە کۆڵبەرانی کورد بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو، کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی سپای پاسداران.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی دووشەممە، ٦ی جۆزەردان، کاسبکارێکی کورد بە ناوی \"ناسر ئەوەلیان\"، تەمەن ٥٥ ساڵ، خەڵکی گوندی \"میانە \" و دانیشتووی شاری مەریوان، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بریندار کرا.

هێزە نیزامییەکانی حکوومەت، بە تایبەت سپای پاسداران، زۆرجار هاووڵاتییانی کورد لە سنووری کوردستان بە بیانووی کۆڵبەری دەکەنە ئامانج و هەروەها بە داخستنی سنوورەکان ساڵانە بە سەدان میلیۆن خەسارەت لە کاسبکاران و بازاڕییانی شارە سنوورییەکان دەدەن.