چەند کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستان بریندار بوون

20:50 - 14 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: چوار کۆڵبەری کورد لە سنوورەکانی سەردەشت، پیرانشار و ورمێ به هۆی تەقەی راستەوخۆی هێزە نیزامییە حکوومەتییەکان بریندار بوون.

به پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"جەعفەر مونیر\"، تەمەن ٢٨ ساڵ، کوڕی سەید ئەحمەد خەڵکی سەردەشت، هاوکات لە گەڵ گرووپێک لە کۆڵبەرانی دیکه، لە سەر خاڵی سیفری سنووری ئەم سارە لە لایەن هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە تەقەیان لێ کراوە و لە ئاکامدا لاقی بریندار بووە.
ڕۆژی هەینی، ٩ی سەرماوەز، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"جبرەئیل ئەحمەدی\" خەڵکی ناوچەی سۆمای ورمێ لە ئاکامی تەقەی هێزە ئینتیزامییەکاندا له ڕێگای گەیشتن به هەشتیان ، شانی بریندار بووە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی سەرماوەز، گرووپێک لە کۆڵبەرە کوردەکان لە سنووری پیرانشار کەوتوونەتە کەمینی هێزە حکوومەتییەکانی ئێران و بە هۆی تەقەی ئەو هێزانەوە، کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"شەریف مەحبووب\"، تەمەن ٣٢ ساڵ کوڕی قادر، نێوقەدی بریندار بووە و گوازراوەتەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکانی شاری پیرانشار.

لە لایەکی تریشەوە هەر لەو ڕۆژەدا، گرووپێک له کۆڵبەرە کوردەکان لە خاڵی سنووری سەردەشتدا، کراونەتە ئامانجی هێزە حکوومەتییەکان که برینداربووونی کۆڵبەرێکی کورد به ناوی \"عادڵ شافعی\" بەدواوە بووە.

ئەم چوار کۆڵبەرە کوردە که لە ڕووداوگەلێکی جیاجیدا بریندار بوونە، بە بێ ئاگادار کردنەوەی پێشوو و به گومانی گواستنەوەی کاڵای قاچاخ لە لایەن هێزە نیزامییە حکوومەتییەکانەوە کراونەتە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆ.

کۆڵبەر ناوی توێژێکی زەحمەتکێشی کوردستانی ئێرانە که لە ناوچە سنوورییەکاندا خەریکی کاری کۆڵکێشان و بارکێشانن.

ئەم توێژه زەحمەتکیشە لە تاوی هەژاری و نەداریدا ناچارن بۆ بژێوی ژیانی بنەمالەکانیان ڕوو لەم کارە پڕ مەترسییە لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستاندا بکەن.

کۆڵبەرەکان بەشێکی بەرچاو لە کۆمەڵگا پێکدێنن کە لە زۆر شتی ژیان بێبەرین.