چەند هاووڵاتییەک لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە بەخشی باینگان ئازار و ئەشکەنجە دران

11:14 - 25 رێبەندان 2719

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، چوار هاووڵاتیی کورد لەسەر بڕیاری فەرماندەی پایگای "بانی ‌لوان" لە بەخشی باینگان سەر بە شاری پاوە، دەسبەسەر و دواتر لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە ئازار و ئەشکەنجە درابوون.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵنێری کوردپا، شوناسی ئەو چوار هاووڵاتییە کوردەی بە ناوەکانی "خەلیل ئەمینی، نەعمان سۆهرابی، مەجید کەریمی و عەبدوڵڵا فەتحی" ڕاگەیاند.

دەوترێت، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، هێزەکانی سپای پاسداران، شەپۆلێک لە دەسبەسەرکردن و ئازار و ئەشکەنجەی دانیشتووانی گوندەکانی "تاوەگۆزی، ئیمامی، کڵاش و باوەجانی" دەست پێکردووە.

هەتا ئێستا زانیارییەکی ورد سەبارەت بە هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئازاردانی هاووڵاتییانی دەسبەسەرکراو لە بەخشی باینگان، لەلایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لەبەر دەستدا نییە.