چەند لاوێکی دیکەی مەهابادی بە خێزانەوە چوونە نێو داعش

15:15 - 6 رێبەندان 2714
ئاژانسی کوردپا: هاوکات لەگەڵ رەوتی پەروەگرتنی چالاکیی گروپە توندئاژۆکان لە ناوچەی مەهاباد، چەند کەسێکی دیکە لە ماوەی رۆژانی رابردوودا بە خێزانەوە روویان لە نێو داعش کردووە.

بەپێێ راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەماوەی رابردوودا چەندین کەس لە شاری مەهاباد و گوندەکانی دەوروبەرییەوە بە ژن و منداڵەوە چوونەتە نێو داعش.

یەکێک لە هاووڵاتییانی گوندی قۆزڵووی بچووک لە ناوچەی مەهاباد بۆ هەواڵنێری کوردپای ئاشکرا کرد، کەسیک بەناوی قاسم تەورە هاوری لەگەڵ برازایەکی خۆی بەناوی چیا تەمەن ٣٠ساڵ بە مەبەستی (جیهاد و هیجرەت) پەیوەست بە ریزەکانی داعش بوون.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی؛ هاوسەر و دوو منداڵی (قاسم) و هەروەها هاوسەر و منداڵێکی (چیا)ش لەم رۆژانەی دواییدا چوونەتە نێو داعش.

سەرچاوەکە روونیشی کردەوە، قاسم و چیا بەر لەو وەڕێکەوتنیان بەرەو ریزەکانی داعش، گوتوویانە کە روو لە شاری مووسڵی ژێر دەسەلاتی (دەوڵەتی ئیسلامی) دەکەن.

رێکەوتی ٢٦ی بەفرانباری ئەمساڵ، مزگەوتی گوندی قۆزڵووی بچووک لە کاتێکدا ژنان تیایدا سەرقاڵی نویژکردن بوون، لەلایەن ١٢ کەسی سەربە گروپە توندئاژۆ ئیسلامییەکانەوە هەوڵی تەقاندنەوەی درا .

هاوکات بەپێی ئەو زانیارییانە بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، لە چەند رۆژی رابردوودا کەسێکی دانیشتووی بەری شیلانانی مهاباد، بەناوی سەید سەلاح رەسووڵدۆست، لەگەڵ خێزانەکەی بەرەو ریزەکانی داعش چووە.

پێشتریش ئاژانسی کوردپا هەواڵی چوونی لاوێکی تەمەن ٢٢ ساڵەی دخەلکی باگردانی مەهاباد و دانیشتووی گەرەکی بەری شیلانانی ئەو شارەی، بەناوی رەحیم بایزیدی و کوڕی عومەری (قالە چەرچی)، بۆ نێو ریزەکانی داعش بڵاو کردەوە، کە لە تێکهەلچوون لەگەڵ هێزەکانی پێـشمەرگەدا کوژرابوو.

موختار هۆشمەند، چالاکی سیاسیی کورد، کە بە وردی جموجۆڵ و چالاکیی گروپە سەلەفییەکان لە کوردستان کۆنترۆڵ دەکات، بەپشت بەستن بە میدیاکانی سەربە داعش، ژمارەی کوردەکانی خەڵکی کوردستانی ئێرانی لە ریزەکانی داعشدا زیاتر لە ١٠٠ کەس بەراورد کردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەلەبەر دەستدا هەن، زۆربەی ئەو کوردانەی کە لە کوردستانی ئێرانەوە روویان لە نێو داعش کردووە، خەڵکی ناوچەکانی مەهاباد، سەقز، جوانڕۆ، بۆکان و مەریوان بوون.

ئارام. ح