چەند قوتابییەک لە "هەوشار" بەهۆی زەختی ئیدارەی پەروەردەوە دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە

15:26 - 4 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: زەخت و گوشاری ئیدارەی پەروەردە و بارهێان بۆ سەر قوتابیانی قوتابخانەکانی شاری سایین‌قەڵا رووی لە زیاد بوون کردووە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی شاری سایین‌قەڵا گوشاری خستۆتە سەر قوتابیانی قوتابخانەکانی ناوچەی \"هەوشار\" کە دەبێ هەر قوتابییەک بڕی ١٠٠ هەزار تمەن بەو ئیدارەیە بدات.

سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: هەتا ئێستا ژومارەیەک قوتابیی قوتابخانەکانی ناوچەی هەوشار کە توانای دابین کردن و دانی ئەو بڕە پارەیان نەبووە بە ناچاری دەستیان لە خوێندن هەڵگرتووە.

\"10384.jpg\"
پێشتریش ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی بۆكان بە ناردنی بەخشنامەیەك بۆ قوتابخانەكانی ئەو شارە و دەورووبەری، پێی راگەیاندبوون كە بە مەبەستی چارەسەركردنی گیروگرفتە ئابوورییەكانی قوتابخانەكان دەبێ‌هەر قوتابییەك بڕی ٥٠ هەتا ١٠٠ هەزار تمەن پارە بدات کە چەند قوتابییەکی قوتابخانەكانی \"میرئاوا\" و گوندی \"داشبەند\"ی سەر بەو شارە کە ئامادە نەبوون ئەو بڕە پارەیە بدەن، لە قوتابخانە دەر کران.

ماوەیەکە ئیدارەی پەروەردە و بارهێنانی پارێزگا کوردنشینەکان بە هۆی هەڵاوسانی ئابووری و گەمارۆ نێودەوڵەتییەکان و قەیرانی ئابوورییەوە و بە مەبەستی دابین کردنی سووتەمەنی و کەلوپەلی ناو قوتابخانەکان گوشاریان خستۆتە سەر قوتابیان کە دەبێ بڕێکی بەرچاو پارە بە قوتابخانەکان و ئیدارەی پەروەردە و بارهێنان بدەن.