چەند رووداو و سەركەوتنی وەرزشی لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران

14:42 - 16 سەرماوەز 2711
كوردپا: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە دوو پارێزگای كرماشان و كوردستان چەندین سەركەوتنی وەرزشی لە چوارچێوەی تیمی و تاكەكەسیدا لەلایەن وەرزشكارانی كوردەوە مسۆگەر كران.

25 وەرزشوانی ناشنوا \"نەبیس\"ی كرماشانی لە رشتەكانی: جۆدۆ، تیكواندۆ، كاراتە، پینگ پۆنگ، كوشتیی ئازاد و فەرەنگی و فوتساڵ بەشدارییان لە ئوردووی یارییە میلییەكاندا كرد.

كوورش شاهڕوخی بەرپرسی هەیئەتی وەرزشیی \"نەبیسان\" (ناشنوایان)ی كرماشان بە هەواڵدەریی \"ئیرنا\"ی وتووە: ئەو وەرزشوانانەی كەلە دەورەی ئامادەیی تیمە میلییەكانی ئێراندا ئامادە بوون، بۆ بەشداری كردنە لە پێشبڕكێیە ئاسیاییەكاندا كە بڕیارە ساڵی 2012ی زایینی بەڕێوە بچێت.

بە وتەی شاهڕوخی پشكی بەشداریی ژنان لەو یارییانەدا لە رشتەكانی كوشتیی ئازاد و فەرەنگی و كاراتەدا لە پیاوان زیاترە.

لە هەواڵێكی دیكەدا هەواڵدەریی ئیرنا بڵاوی كردۆتەوە، تیمی مێرمنداڵانی كرماشان لە یەكەم خولی پێشبڕكێیەكانی رشتەی \"لیگ ڤۆشۆی\"ی ژناندا پلەی دووهەمیان لە ئاستی ئێراندا بەدەست هێناوە.
هەیئەتی ڤۆشۆی كرماشان لەم بارەوە رایگەیاند: لە حەفتەی كۆتایی ئەو خولە یارییانە و لە ئەنجامی سێ‌یاریدا تیمی تاران بە 24 خاڵ پلەی یەكەم و تیمی ڤۆشۆی ژنانی پاریزگای كرماشان بە 18 خاڵ پلەی دووهەمی ئەو پێشبڕكێیانەی دەستەبەر كرد و تیمی ئەلبورز بە 9 خاڵ پلەی سێهەمی بۆ خۆی تەرخان كرد.

لە رووداوێكی دیكەی وەرزشیدا \"یاریگای فەرهەنگی و وەرزشیی شیرین فەرازی كرماشان\" لە نامەیەكدا بۆ فیدراسیۆنی فووتباڵ، خوازیاری بەدواداچوون و پێڕاگەیشتن بە ئەو كێشە و ئاڵۆزیانە بووە كەلە دیداری ئەو تیمە لەگەڵ تیمی \"پاس هەمەدان\" روویان داوە.

هەواڵدەریی ئیرنا بڵاوی كردۆتەوە، لە نامەكە ئیعترازییەكەی یاریگای شیرین فەرازدا بە توندی رەخنە لە نوێنەری نێردراوی فیدراسیۆن و ئەو هۆكارە بەڕێوەبەری و فەنییانی تیمی پاس گیراوە.

لە دیداری نێوان تیمەكانی شیرین فەرازی كرماشان و پاسی هەمەدان بەهۆی هاویشتنی بەرد لەلایەن لایەنگر و هاندەرانەوە، بۆ ماوەیەك ئەو یارییە راوەستابوو.

لە درێژەدا و لە هەواڵێكی دیكەی وەرزشیدا، لە حەفتەی چوارەمی پێشبڕكێی خولە نایابەكانی فووتساڵی قوتابیانی ئێران كەلە شاری سنە بەڕێوە چووە، تیمی پارێزگای كوردستان بە ئەنجامی 6 بە 5 بەسەر تیمی مازندەراندا سەركەوت و سێ‌خاڵی ئەو یاریەی بۆ خۆی مسۆگەر كرد

وێنە : ئیسنا_ میهر