كچە گیراوێكی كورد لە روانسەر پاش چوار رۆژ، رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی كرماشان كرا

16:41 - 30 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: كچێكی كوردی خەڵكی روانسەر كە رۆژی هەینیی پێشوو لە جەریانی رێپێوانی رۆژی قودس لە شاری روانسەر لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانەوە دەستبەسەر كرا، پاش چوار رۆژ رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری كرماشان كرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، نگین تەیبی كچی غەفوور و خەڵكی روانسەر كە رۆژی هەینی رێكەوتی 27ی گەلاوێژ و لە جەریانی رێپێوانی \"رۆژی جیهانیی قودس\" كە بە توندوتیژی كێشرابوو، لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانەوە دەستبەسەر كرا، پاش چوار رۆژ ناڕوونی لەمەڕ چارەنووسی، رەوانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری كرماشان كراوە.

شایەتحاڵان و كەسانی نزیكی بنەماڵەی نگین تەیبی بە هەواڵنێری كوردپایان راگەیاندووە لە ماوەی چوار رۆژی رابردوودا وێڕای ئەوەی كە بنەماڵەكەی بە مەبەستی ئاگادار بوون لە رەوشی كچەكەیان، چەندین جار سەردانی ناوەندە ئەمنیەتی و قەزاییەكانیان كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكیان پێنەدراوەتەوە و ئەمەش بۆتە هۆی نیگەرانیی بنەماڵەكەی.

نگین تەیبی خاوەن بڕوانامەی لیسانسی علووم سیاسیە.

بە وتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار پاش گیرانی ئەو كچە كوردە هێزە لیباس شەخسییەكانی حكوومەت سەردانی ماڵی باوكیان كردووە و وێڕای پشكنینی ماڵەكەیان، كەیسی كۆمپیۆتێری ناوبراو و هێندێ كەلوپەلی دیكەشی شەخسییان لەگەڵ خۆیان بردووە.

بەپێی هەمان سەرچاوە هاوكات لەگەڵ گیرانی نگین تەیبی كچێكی دیكەش لەلایەن هێزە لیباس شەخسییەكانەوە دەستبەسەر كراوە، بەڵام هەتا ئێستا زانیارییەك لەمەڕ شوناسی كەسی دووەم لەبەر دەستدا نیە.