كچە خوێندكارێكی چالاكی كورد لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر كرا

14:56 - 1 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری روانسەر كچە خوێندكارێكی چالاكیان دەستبەسەر كرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، \"ئەدیبە كەڵانتەری\" تەمەن 27 ساڵ و دەرچووی رشتەی راوێژكاری، رێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری روانسەرەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێكی نادیار راگوێزراوە.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری سەرچاوەی ئاگاوە بڵاوی كرۆدتەوە، ئەدیبە كەڵانتەری یەكێك لە چالاكانی خوێندكاریی روانسەرە و هەر لەم پێوەندییەدا جارێكی دیكەش قۆڵبەست كراوە.

ئەم چالاكە خوێندكارییە كچی \"مەلا وەلی\" یەكێك لە مامۆستایانی خانەنشین كراوی شاری روانسەرە.

لە كاتی دەستبەسەر كرانی خانم \"كەڵانتەری\"یەوە هەتا ئێستا هەموو هەوڵی بنەماڵەكەی بۆ زانینی شوێنی راگیرانی كچەكەیان و ئەو تاوانانە و هەروەها هۆكاری گیرانی، بێ‌ ئەنجام ماوەتەوە.

بارودۆخی ناڕوونی ئەم هاووڵاتییە روانسەریە نیگەرانیی بنەماڵەكەی لەمەڕ چارەنووسی زیاد كردووە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، تەنیا لە مانگی پووشپەڕدا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 78 هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە تاوانی وەك چالاكیی سیاسیی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ دەستبەسەر كراون.