كچێكی خەڵكی سەوڵاوا خۆی هاویشتە گۆلی زرێبار و گیانی لەدەست دا

13:55 - 8 رەزبەر 2712
ئاژانسی كوردپا: كچێكی تەمەن 16 ساڵان و خەڵكی گوندێكی دەورووبەری مەریوان خۆی هاویشتۆتە ناو گۆلی زرێبار و بەو هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی چوارەشەممە رێكەوتی 5ی رەزبەر كچێك بەناوی \"س . م\" كچی \"ع . م\" تەمەن 16 ساڵان و خەڵكی ئاوایی \"بۆڕیەر\"ی سەر بە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی مەریوان بەهۆی كێشەی بنەماڵەییەوە خۆی هاویشتۆتە ناو گۆلی زرێبار و گیانی لەدەست داوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە مەریوان بە هەواڵنێری كوردپا راگەیاندووە كە دوای دوو رۆژ تەرمی ئەو كچە دۆزراوەتەوە و هەتا ئێستا تەرمەكەی لە پزیشك یاسایی شاری مەریوان دایە.

\"س.م\" لە تەمەنی 13 ساڵیدا بە زۆرەمڵی لەلایەن بنەماڵەكەیەوە بە مێرد دراوە و پاش تەڵاق و جیابوونەوە جارێكی تر بە مێر دراوەتەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ساڵی 1377 ی هەتاوی باوکی \"س . م\" ژنەکەی خۆی و کچێکی دیکەی لە نێوان جادەی سنە ـ دیواندەرە و لە تەنیشت بەنداوی \"قشڵاخ\" (وەحەت)ی سنە سر بڕیبوو.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران 39 هاووڵاتیی كورد لەناو چۆم و بەنداوەكان لە ئاودا خنكاون.