كچێك لە ناوچەی روانسەر خۆی كوشت

20:55 - 3 بانەمەڕ 2712
كوردپا: چەند رۆژ لەمەوبەر كچێكی تەمەن 22 ساڵ و خەڵكی ناوچەی روانسەر بەهۆی كێشەی بنەماڵەیەوە كۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، \"نیگار موزەفەری\" خەڵكی ئاوایی \"خەراجیان\"‌ی روانسەر بەهۆی كێشەی بنەماڵەیەوە خۆی خنكاند.

بە وتەی شایەتحالان نیگار موزەفەری لە ناو ماڵی خۆیاندا دەستی داوەتە خۆكوژی و دەستبەجێ‌ گیانی لەدەست داوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای مانگی خاكەلێوەوەوە هەتا ئێستا 7 هاووڵاتیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران بەهۆی جۆراوجۆر دەستیان داوەتە خۆكوژی و گیانیان لەدەست داوە.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری ناوەندی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا بڵاو کراوەتەوە و بێگۆمان ئاماری راستەقینە لەم رێژەیە زیاترە.

بەپشت بەستن بە لێكۆڵینەوەی كۆمەڵناسان و ئامارە فەرمییەكانی ناوەندە حكوومەتییەكان لە ئاستی ئێراندا ناوچە كوردنشینەكان ئێران و بەتایبەت 3 پارێزگای ئیلام، كرماشان و كوردستان لە بواری رێژەی خۆكوژییەوە لە ناوچەكانی دیكە زیاترین و لەو نێوەشدا ئیلام لە ئاستی ئێراندا پلەی یەكەمی هەیە.