چیرۆکی دڵداریی "عەزیز و کوبڕا" کرایە بەرهەمێکی ئەدەبی

21:38 - 6 خەرمانان 2713
ئاژانسی کوردپا: چیرۆكە شێعری دڵداریی \"عەزیز و كوبــڕا\" لە دووتوێی ١٤٤ لاپەڕەدا چاپ و بڵاو كرایەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا: چیرۆكە شیعری دڵداریی \"عەزیز و كوبرا\" كە بەرهەمێكی بەنرخی ئەدەبی میللیی ناوچەی هەوشاری رۆژهەڵاتی كوردستانە، لەلایەن \"شەریف فەلاح و حەسەن سەلیمی\"یەوە كۆ كراوەتەوە و \"ئەنستییتۆی كەلەپووری كورد\" لە سلێمانی چاپ و بڵاوی كردۆتەوە.

\"14952.jpg\"
شەریف فەلاح و حەسەن سەلیمی
ئەم چیرۆكە، شیعری دڵداریی \"عەزیز و كوبڕا\" بەسەرهاتی تراژیدیی دوو ئەڤینداری ناكامی كوردە، كە كاتەكەی بۆ زیاتر لە چل ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و دواتر لەلایەن دوو هـۆنەر و شاعیری میللیی كورد بەناوەكانی \"سەید شوكروڵڵا حوسێنی و سەید محەمەد چەشمەمەنتش\" بە زمانی بەستە هۆنراونەتەوە.

ئەم بەرهەمە ئەدەبییە كە ئەڕواتە خانەی ئەدەبی میللییەوە، چیرۆكی راستەقینە، ژاناوی و تراژیدیی \"عەزیز و كوبـڕا\"یە كە ئاكامەكەی هاوشێوەی چارنووسی قارەمانی چیرۆک و بەیتە دڵدارییەكانی دیكە و ئەدەبی زارەكیی كوردەوارییە.

ئەم بەرهەمە بە هەوڵ و ماندووبوونی \"شەریف فەلاح و حەسەن سەلیمی\" ئامادە و كۆكراوتەوە و مانگی خەرمانانی ساڵی ١٣٩٢ی هەتاوی لەلایەن \"ئەنستیتۆی كەلەپووری كورد\" و لەسەر ئەركی \"بەڕێوەبەرایەتیی چاپ و بڵاوكردنەوەی سلێمانی\" بە ئەژماری ٥٠٠ دانە كەوتۆتە بەردیدی خوێنەرانی.