چیرۆک و ئەفسانە کوردییەکان بە زمانی فەڕانسەوی چاپ و بڵاوکرایەوە

15:41 - 10 خەرمانان 2717
ئاژانسی کوردپا: بە هەوڵ و کۆششی نووسەر و وەرگێڕێکی کورد، کتێبێک لە پەیوەندیی لەگەڵ چیرۆک و ئەفسانە کوردییەکان بە زمانی فەرانسەوی چاپ و بڵاوکرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، وریا ڕەحمانی نووسەر و وەرگێڕی کورد، کتێبێکی نوێی لە سەر ئەفسانە کوردییەکان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بە زمانی فەڕانسەوی چاپ و بڵاوکردەوە.

\"\"ئەو کتێبە ٤٤٢لاپەڕە لە خۆ دەگرێت و تێیدا باس لە چیرۆک و ئەفسانە کوردییەکان، لە کوردستانی ڕۆژهەڵات دەکات.

کتێبی چیرۆک و ئەفسانە کوردییەکان لە ٩٩ چیرۆک و ئەفسانەی کوردی پێکهاتووە کە لە لایەن دەزگای چاپ و بڵاوکراوەی \"ئیدیلیڤر\" لە شاری پاریس چاپ کرا و کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

تا ئێستا ئەو نووسەرە کوردە چەندین کتێبی لە زمانە بیانییەکانی دونیا وەرگێڕداوەتە سەر زمانی کوردی. کە گرینگترینیان بریتین لە: هەڵەبجە و ئەنفاڵ لە بەڵگەنامە نهینییەکانی ئەمریکادا، \"کورد و کوردستان لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئەمریکادا (کوردستانی عیراق)\"، فەرهەنگی سیاسی و مێژوویی کوردەکان، بیرەوەرییەکانی من، شۆڕشی مەلا مستەفا بارزانی لە کوردستانی عێراق، سیاسەتی ئامریکا لە کوردستان لە ڕوانگەی کارناسانی ڕۆژئاواییەوە، مێژووی پیوەندییەکانی کورد و ئامریکا و تراژێدیای کوردەکان و کوردستانی ئێران و تورکیە لە بەڵگەنامە نهێنییەکانی ئامریکا.

وریا ڕەحمانی لە دایک بووی بەخشی باینگان سەر بە شاری پاوەیە و هەنوکە دانیشتووی وڵاتی فەرانسەیە.