چۆمان هەردی: تابلۆكانم ھەوڵێكن بۆ گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ ژن + وێنـــە

14:13 - 11 بانەمەڕ 2713
ئاژانسی کوردپا: ژنە هونەرمەندێکی کورد پیشانگەیەکی شێوەکاری لە بەرهەمەکانی خۆی لە خانەی کولتووریی یۆنانی لە وڵاتی ئاڵمان کردەوە.
.
چۆمان هەردی نیگارکێش و بەڕێوەبەری ئەو پێشانگایە لە لێدوانێکی تەلەفۆنیدا بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند کە تابلۆکانی ئەو پیشانگەیە تێکەلێکن لە وێنەی ژن و پیاو، سروشت و ئاژەڵ و بەتایبەتیش وێنەی ئەسپ كە ئامادەییەكی بەرچاوی ھەیە لە تابلۆكاندا.

ئەم نیگارکێشە پێیوایە، ئەسپ هێمایە بۆ هێز و دەسەڵات و گوزارش لەو دەسەڵاتە دەكات كەلە كۆمەڵگای ئێمەدا لە ژن سەندراوەتەوە. تابلۆكان ھەوڵێكن بۆ گێڕانەوەی دەسەڵات بۆ ژن لە رێگەی هارمۆنی نێوان سروشت، ئینسان و ئاژەڵەکانەوە.

\"12383.jpg\"
چۆمان هەردی, نیگارکێش، لە دایکبووی شاری سلێمانییە
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، لە تابلۆکانیدا ئەوەی خستۆتەڕوو، \"هەموو بوونەوەرەکان لە سروشتدا تەواوکەر و تێكەڵ بە یەکترین، ھەر بۆیە لە ھەندێك شوێندا فیگەرەكان لەگەڵ یەكتر و لەگەڵ دەورەبەریان تێكەڵ بەیەك دەبن و لەكاتی یەكتربڕینی دوو قۆڵدا بۆ نموونە، دەتوانین ھەردوكیان بە شەفافی ببینین.

چۆمان هەردی سەبارەت بە هۆکاری ئەوە کە نەیتوانیوە ئەو پیشانگەیە لە کوردستان بکاتەوە، رایگەیاند: \"من لەمێژە لە پەنای نووسینەکانمدا تابلۆ دەکێشم، بەڵام ھەمیشە گرینگی زیاترم بە نووسین داوە ھەر بۆیە بەرهەمی نیگارکێشیم کەمە، لەلایەکی دیکەوە من لە ئەورووپا دەژیم و هێنانەوەی بەرهەمەکانم بۆ کوردستان تێچوونێکی زۆر هەڵدەگرێت، بۆیە ئەگەر لایەنێک هاوکاریم نەکات لە راستیدا توانای ئەو کارەم نییە\".

ئەو ژنە هونەرمەندە چۆنیەتیی بەرپاکردنی ئەو پیشانگایەی بەم شێوەیە باس کرد، \"ماوەیەک پێش ئیستا هەندێک لە تابلۆکانم لە ماڵپەڕەکەی خۆم بڵاو کردەوە، کە یەکێک لە بەڕێوەبەرانی خانووی کولتووریی یۆنانی چاوی بە بەرهەمەکانم کەتوبوو ئاگاداری کردمەوە کە ئەگەر بەرهەمی نوێم هەبێت دەتوانم لەو خانووە کەلتوورییە پیشانی بدەم\".

چۆمان هەردی لە دایکبووی شاری سلێمانییە، لە تەمەنی مندالیدا هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەی ئاوارەی وڵاتی ئێران بووە و بۆ ماوەی ٥ ساڵ لە کەرەج گیرساونەتەوە و دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی و پاش نۆ ساڵ گەڕاوەتەوە بۆ ئێران و ئەمجارە ٤ ساڵ لە شاری سەقز لە کوردستانی ئێران ژیاوە.
.
ئەو ژنە چالاکە ماوەی ١٧ ساڵ لە وڵاتی بریتانیا ژیاوە و لە رشتەی دەروونناسی و فەلسەفەدا لە زانکۆی \"ئۆکسفۆرد\" و \"لەندەن\" بڕوانامەی لیسانس و فەوقە لیسانس و دواتریش لە زانکۆی \"كێنت\" لەسەر کێشە دەروونییەکان و جێندەر، بڕوانامەی دوکتورای وەرگرتووە و هەنووکە ماوەی ٢ ساڵە لە وڵاتی ئاڵمان دەژی.

ئەم پیشانگایە لە رێکەوتی ٥ی بانەمەڕ (٢٥/٤/٢٠١٣)ـەوە لە خانووی کولتووریی یۆنانی لە شاری میونیخی وڵاتی ئاڵمان دەستی بەکار کردووە هەتا (٥/٦/٢٠١٣) بۆ ماوەی ٦ ھەفتە بەڕووی هاوڵاتییاندا کراوە دەبێت.

چۆمان هەردی کچی \"ئەحمەد ھەردی\" یەکێک لە شاعیران و نووسەرانی بە ناوبانگی کورد لە باشووری کوردستانە. ئەحمەد ھەردی زۆربەی تەمەنی لە بواری ئەدەب و شیعری کوردیدا کاری کرد و زانیارییەکی زۆری لە بواری شیعری کلاسیکی کوردی، فارسی و عەرەبیدا ھەبوو و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر شیعری نوێی کوردی داناوە.

ئەحمەد ھەردی شاعیری ناسراوی کرد لە زانکۆی سلێمانی و دواتریش لە زانکۆی سەلاحەدین وەک مامۆستا دەرسی گوتۆتەوە.

\"12388.jpg\"

\"12384.jpg\"

\"12385.jpg\"

\"12386.jpg\"

\"12387.jpg\"