چوونە سەری پلەی گەرما و ویشكەساڵی دوو هۆكاری لە ناو چوونی ژینگە لە دێهلوڕان

15:56 - 23 گەلاوێژ 2712
ئاژانسی كوردپا: لێپرسراوی ئیدارەی ژینگە پارێزی شارستانی دێهلوڕان رایگەیاند، چوونە سەری پلەی گەرمی و ویشكەساڵی بۆتە هۆی لە ناو چوونی ژینگە سرووشتییەكانی دهلوڕان.

كیانووش شادی وەند وتیشی: بەردەوامیی ویشكەساڵی لەو ناوچەیە، جیالە خەساری سرووشتی، بۆتە هۆی كۆچی باڵندەكان بۆ ناوچەكانی دیكەی ئێران.

ئەو لێپرسراوە بە هەواڵدەریی میهری راگەیاندووە، بەهۆی بەردەوامیی ویشكەساڵی، چەندین زونگاوی شاری دێهلوڕان لە پارێزگای ئیلام بە تەواوەتی ویشك بووە و باڵندە كۆچەر و خۆماڵییەكانی ئیدی تێدا ناژین و كۆچیان كردووە.

پارێزگای ئیلام یەكێك لە پارێزگا نیوە شێدار و كوێستانییەكانی ئێرانە كە زۆری و جوانیی كوێستان و بەرزاییەكانی سەرنجی هەموو بینەرێك بۆ لای خۆی رادەكێشێ‌ و هەركام لەو كێوانە جوانی و دیمەنی تایبەت بە خۆیان هەیە.

هەر لەو پێوەندییەدا زۆنگاوی \"زەمزەم\" هەڵكەوتوو لە 74 كیلۆمیتریی رۆژهەڵاتی ئیلام، خاوەنی جوانییەكی لەرادەبەدەری سروشتیە كەلە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا لەبەر كەمیی باران بارین و هۆكارە مرۆییەكان لەناوچوونەوە خەسارێكی زۆری وێكەوتووە و ئێستا بۆتە قووڵكەیەكی بۆگەنیو.