چوارەمین کتێب لە سەر فیلمەکان و سینەمای بەهمەن قوبادی بڵاوکرایەوە

13:56 - 24 رەشەمه 2715
ئاژانسی کوردپا: چوارەمین کتێب بە ناوی \"بەهمەن قوبادی و سینەما\" لە سەر فیلمەکان و سینەمای بەهمەن قوبادی، لە لایەن دەزگای چاپی \"ئەوێستا\"وە بڵاو کرایەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە هەواڵدەریی کوردپا، چوارەمین کتێب بە ناوی\"بەهمەن قوبادی و سینەما\" لە نووسینی \"نیهات نوویان\"، لە لایەن دەزگای ئەوێستا بە بە دوو زمانی کوردی و تورکی چاپ و بڵاوکرایەوە.

ئەو کتێبە هەروەها لە داهاتوودا بە زمانی ئەڵمانی لە وڵاتی ئەڵمان، چاپ دەکرێت.

لەو پێوەندییەدا، پێشتریش سێ کتێبی بەهمەن قوبادی بە زمانی تورکی لە وڵاتی تورکیە چاپ کراوە.

\"29779.jpg\"
کتێبی یەکەم بە ناوی \"کیسەڵەکانیش دەتوانن بفڕن\" بە تەواوی سەبارەت بە سێهەمین فیلمی سینەمایی بەهمەن قوبادی نووسراوە و کتێبی دووهەم بە ناوی \"سینەمای کوردی\" سەبارەت بە فیلمەکانی \"بەهمەن قوبادی\"یە و کتێبی سێهەم بە ناوی\"پەردەی ڕەش و سپی \"بە تەواوی سەبارەت بە فیلمی سینەمایی \"وەرزی کەرگەدەن\" و پێنجەمین بەرهەمی \"بەهمەن قوبادی\"یە.

بەهمەن قوبادی سینەماکاری بە ناوبانگی کورد ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی، لە شاری بانه سەر بە پارێزگای سنه‌ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایک بووە و دواتر لە دانیشگای تاران لە ڕشتەی سینەمادا خوێندنی دەست پێکرد.

قوبادی دوای دروستکردنی فیلمی بڵیندی سینەمایی کاتێک بۆ مەستیی ئەسبەکان توانی ناوبانگی جیهانی پەیدا بکات و هەتا ئێستا لە چەندین فسیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلم‌دا توانیویەتی خەڵات بە دەست بێنێت.