چوارەمین لاوی كورد لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە ده‌ستبه‌سه‌ر کرا

14:58 - 23 پووشپەڕ 2712
ئاژانسی كوردپا: لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا شەپۆلێكی بەربڵاوی قۆڵبەست كردنی لاوانی كورد لە كوردستان و بەتایبەت لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لەلایەن مەئموورانی ئیتلاعاتەوە دەستی پێكردووە و لەم پێوەندییەدا چوارەمین لاوی گوندی گەلێن قۆڵبەست كرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، پاش گیرانی سێ‌ لاو لە ناوچەی ژاوەرۆ رۆژی چوارشەممە رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕ، لاوێكی دیكەی خەڵكی گوندی گەلێن بەناوی ئیبراهیم جەعفەری تەمەن 30 ساڵ و كوڕی باقر و دانیشتووی شاری سنە و خێزاندار لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەكانی ئەو شارەوە دەستبەسەر كراوە.

هەتا كاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆكاری گیران و شوێنی راگیرانی ئەو لاوە كوردە زانیارییەك لەبەر دەستدا نیە.

لە ماوەی رۆژانی رابردوودا لە چەند شوێنی جیاجیاكانی ناوچە كوردنشینەكانی ئێران شەپۆڵیكی بەربڵاو لە گیرانی لاوانی كورد دەستی پێكردووە و بەتایبەت لە گوندی \"گەلێن\"ی سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە ئەم دیاردەیە ترسێكی خستۆتە ناو دانیشتوانی ئەو گوندەوە.

لە رۆژانی رباردوودا سێ‌ لاوی دانیشتووی ئەو گوندە بەناوەكانی هەمزە و فەرشاد كەرەمی كوڕی محەممەد و یەدوڵڵا وەیسی كوڕی جەعفەر، بەهۆیەكی ناڕوون لەلایەن مەئموورانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری سنەوە بە جیا دەستبەسەر كران.

هەواڵنێری كوردپا لەزاری دانیشتوانی گوندی گەلێنەوە ئاشكرای كردووە كە هاتنی هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەت بۆ ناو گوند و قۆڵبەست كردن و هەڕەشە كردن لە لاوان ترسێكی زۆری حستۆتە ناو دڵی خەڵك و نیگەرانییانی زیاد كردووە.

هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوەش كردووە كە لە رێگای تەلەفۆنەوە كەسانێكی نەناسراو هەڕەشەی گرتن و لێدانیان لە لاوان و چالاكانی ئەو گوندە كردووە.

لە سەرەتای مانگی پووشپەڕەوە شەپۆلێكی بەربڵاو لە گیرانی هاووڵاتییانی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستی پێكردووە.
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە ماوەی 22 رۆژی رابردوودا 65 هاووڵاتیی كورد لە ناوچە جیاجیاكانی كوردنشینی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتییەكانەوە بە تاوانی چالاكیی جۆراوجۆری وەك سیاسی، فەرهەنگی و مافی مرۆڤ دەستبەسەر و رەوانەی گرتنگەكان كراون.
ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ئاماری راستەقینە لەو رێژەیە زیاتر بێت.

گوندی گەلێن لە 50 كیلۆمیتریی باشووری رۆژهەڵاتی شاری سنە و لە ناوچەی ژاوەرۆ هەڵكەوتووە و زیاتر لە 600 بنەماڵە و زیاتر لە 2 هەزار حەشیمەتی هەیە كە بە زاراوەی هەورامی قسە دەكەن و لەباری سروشتییەوە خاوەنی گەلێك تایبەتمەندییە و خەڵكەكەی زیاتر لە رێگای باخدارییەوە بژیوی ژیانیان دابین دەكەن.