چواردەهەمین فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریوان دەستی پێکرد

14:17 - 3 خەرمانان 2719
ئاژانسی کوردپا: چواردەهەمین شانۆی سەرشەقامی مەریوان، بە بەشداریی ١١ وڵاتی جیهان، لە پێتەختی شانۆی سەرشەقامی ئێران، دەستی پێکرد.

ئەم فێستیڤاڵە لە ۲ی خەرمانانەوە هەتا ۵ی خەرمانان، بە بەشداریی گرووپە شانۆکارەکانی سەرانسەری ئێران و چەندین گرووپی شانۆکاری وڵاتانی تر، لە شاری مەریوان بەڕێوە دەچێت.

ئەو وڵاتانەی لەم فێستیڤاڵەدا بەشدار بوون، بریتین لە: \"هۆلەند ، مێکزیک، ڕووسیە، ئیتالیا، برزیل، ئۆکراین، ئەرمەنستان، هاوبەشی عێراق و عومان، هاوبەشی ئێران و هەرێمی کوردستان، گورجستان و لوبنان\".

ئەم فێستیڤاڵە لە چەند بەشدا بەڕێوە دەچێت کە بریتین لە بەشەکانی: \"کێبڕکێ، نێونەتەوەیی، جۆرەکانی تری بەڕێوەبەری، ئایینی نەریتی، هەڵبژێردراوی فێستیڤاڵەکان و بەشی منداڵان\".

لە فێستیڤاڵی شانۆی سەرشەقامی مەریواندا، ٣٨ بەرهەم پێشان دەدەرێت کە ٢٨ بەرهەمی نێوخۆیی و ١٠ بەرهەمی دەرەکییە.

هەروەها بڕیارە چەند کارگەیەکی ڕاهێنان، لە لایەن مامۆستایانی بیانییەوە بەڕێوە بچێت.

ئەم فێستیڤاڵە، هەموو ساڵێک بە پێشوازییەکی زۆر لە لایەن خەڵکی هونەردۆستی مەریوانەوە، بەشکۆتر لە ساڵانی ڕابردوو بەڕێوە دەچێت.